دەستەی دەسپاكی ناوی سەرجەم كاندیدەكانی پەسەند كرد

:: PM:02:58:09/08/2018 ‌
دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان ناوی سەرجەم كاندیدەكانی دوای وردبینی، ڕادەستی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان كردەوە و بەپێی زانیارییەكانی "وشە"یش دەستەكە تێبینی لەسەر هیچكام لە كاندیدەكانی حزبەكان نەبووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئاب/ ئۆگستس، دوای چەند ڕۆژێك لە وردبینی ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ناوەكانی پەسەند كرد و ڕادەستی كۆمسیۆنی كردەوە. موشیر رەشید بەڕێوەبەری گشتی كاروباری یاسای لە دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دوای وردبینی ناوەكانیان، لیستی ناوی كاندیدەكان كە زیاتر لە 770 كاندیدە ڕادەستی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی كرایەوە.

ڕوونی كردەوە كە كۆمسیۆن ماوەی 10 ڕۆژی بۆ وردبینی و كارەكان دیاری كردبوو، بەڵام كەمتر لەو ماوەیە ناوەكان ڕادەستی كۆمسیۆن كراوەتەوە.

بەڕێوەبەرە گشتییەكەی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە دەستەكەیان تێبینی لەسەر هیچ كاندیدێك نەبووە و سەرجەمیان پەسەند كراون.

پێنجشەمی ڕابردوو لە ڕێی لیستێكەوە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ناوی سەرجەم كاندیدەكانی ڕادەستی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان كرد بەمەبەستی وردبینی كردن تا بزانرێت هیچكام لە كاندیدەكان تۆمەتی گەندەڵییان لەسەر بووە یان نا، بەڵام ئەمڕۆ دەستەكە ناوی سەرجەم كاندیدەكانی پەسەند كرد.

بڕیارە ڕۆژی 30ی ئەیلوولی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیش سەرقاڵی ئامادەكارییەكانیەتی.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم