پەتایەك بەرهەمی تەماتەی ساڵێكی 100 جووتیار لەناو دەبات

:: PM:03:24:09/08/2018 ‌
جووتیاران و بەڕێوەبەری هۆبەی كشتوكاڵی سیدەكان باس لە بڵاوبوونەوەی پەتایەك لە ناو كێڵگەی تەماتەی دەڤەرەكە دەكەن و دووپات لەوەیش دەكەنەوە، كە تا ئێستە 100 جووتیار زیانمەند بوون، لە ئەنجامی ئەو پەتایەوە سەرجەمی بەرهەمی كێڵگەكانیان فەوتاوە كە بە تەماتە داچێنرابوون.

وەسمان حەمەدئەمین جووتیارێكی گوندی كەژەك لە شارەدێی سیدەكان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ساڵانە ڕووبەرێكی زۆری زەوی لە گوندەكەمان تەماتەی لێ دەچێنین و تەماتەی كەژەك و دەڤەری برادۆست بازاڕی گەرمە و ناوبانگێكی باشی هەیە، ئەمساڵ پەتا و نەخۆشی لە ناوچەكەمان بڵاو بووەتەوە و تەماتەی سنوورەكەمانی بەرەو لەناوچوون بردووە و زیانی زۆری بە جووتیاران گەیاندووە.

زیاتر گوتی، هەرچەند دەرمانمان لە تەماتەكە ڕشاندووە، بەڵام گەڵای ڕووەكی تەماتەكە بچووك دەبێتەوە و گوڵەكەی دەوەرێنێت و لێ ناگەڕێ هیچ تامەتەیەك بەرهەم بهێنێت، وەك نەخۆشی شۆكە وایە، داوامان لە حكوومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەیە هاوكاریمان بكەن، چونكە ژیانی زۆربەی خەڵكی ئەو ناوچەیە لەسەر بەروبوومە كشتوكاڵییەكانە.

ئەنوەر ئەحمەد جووتیارێكی دۆڵی زەرزێی دەڤەری برادۆستە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەرەتاوە كە تەماتەكانمان چاند و دواتر ئەو پەتایە بڵاو بووەوە، سەرەڕای ئەوەی پارەیەكی باشم لێ خەرج كردبوو، بەڵام شەتڵی تەماتەكانمان سەرجەمی دەرهێنا و خەیارمان لە شوێنی چاند، بۆیە ئێستە لە شوێنی تەماتە، خەیارەكە هاتووەتە بەرهەم.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" پەتاكە لە گوندەكانی "كەژەك، پەنجار، لێرەبان، شیوان، ژووژیلە، گولیژكە، بیرتێ، دێرێ، بۆڵی، شكەن، بەربزن، ماوەتاوە، تۆبزاوە، هەڕین، ناوڕێن، كانی چنار، دەشتی هێرت، گەلی لێتان"ی گرتووەتەوه.

شوان عەزیز بەرپرسی هۆبەی كشتوكاڵی سیدەكان بۆ "وشە" ڕوونی كردەوە، ئەو نەخۆشییەی لە تەماتەی جووتیارانی سنوورەكەمانی داوە، یەكەمجار جار نییە بڵاو ببێتەوە، لە كۆنیش هەر هەبووە، بەگوێرەی شارەزایی ئێمە و پسپۆڕانی كشتوكاڵ چارەسەری ئەو نەخۆشییە تا ئێستە نەدۆزراوەتەوە.

ئاماژەی دا، نەخۆشییەكە ناوێكی دیاریكراوی نییە، كاتێك لە شەتڵی تەماتە دەدا، بچووكی دەكاتەوە و گەڵاكانی بۆ یەكتر دەهێنێتەوە و ڕێ نادات گەورە ببێ، بەر لەوەی گوڵ بگرێ دەپووكێتەوە و سەرەنجام دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی گەرگولە كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و بەخێرایی لە نێو تەماتە بڵاو دەبێتەوە.

لەبارەی ئاماری زیانەكان بەهۆی ئەو پەتایەوە، بەڕێوەبەری هۆبەی كشتوكاڵی سیدەكان گوتی، ئامارێكی وردمان لە بەردەست نییە، بەڵام سێبەشی جووتیارانی ناوچەكە زیانمەند بوون، بەهۆی ئەو پەتایەوە بەرهەمی تەماتەیان لەناو چووە كە خۆی زیاتر لە 100 جووتیار دەبینێتەوە.

سیدەكان ناوچەیەكی شاخاوییە و ڕووبەڕەكەی هەزار و 600 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و یەكێكە لە شارەدێكانی سەر بە شارۆكەی سۆران و كەوتووەتە 144 كیلۆمەتری باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر دوورە و لە ڕووی كارگێڕییەوە لە سنووری پارێزگای هەولێرە و زۆرینەی دانیشتووانی بە كشتوكاڵ خەریكن.

سیدەكان/موڕشید برادۆستی.















وشە - باز ئه‌حمه‌د