په‌تای سكچوون و ڕشانه‌وه‌ له‌ سلێمانی بڵاو ده‌بێته‌وه‌

:: PM:03:48:09/08/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری پەتای سكچوون و ڕشانەوە، سەرجەم بەشەكانی خۆپاراستن و چاودێری ئاوی ئاگادار كردووەتەوە، تا هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە و ڕێ لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە بگرن، بەگوێرەی ئامارێكیش ڕۆژانە 10 بۆ 12 حاڵەتی سكچوون و ڕشانەوە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ لە سلێمانی تۆمار كراون.

ئامارێكی بەشی هەناوی نەخۆشخانەی فێركاری سلێمانی دەست "وشە" كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە مانگی تەمووز/یۆلیۆی ئەمساڵ، ڕۆژانە لە نێوان 10 بۆ 12 كەس بەهۆی تووشبوونیان بە سكچوون و ڕشانەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.

ئاری خابید بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی هەناوی فێركاری سلێمانی بۆ "وشە" گوتی، حاڵەتەكانی سكچوون و ڕشانەوە لەگەڵ وەرزی گەرما دەست پێ دەكەن، تا ئێستە ئەو حاڵەتانەیشی تۆمار كراون ئاسایییە و نەگەیشتوونەتە دۆخێكی نائاسایی، بەڵام بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی، سەرجەم بەشەكانی خۆپاراستنمان ئاگادار كردووەتەوە تا ڕێوشوێنی پێویست لەوبارەوە بگرنەبەر.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، لیژنەیەكی تەندروستی پێكهێنراوە تا سەردانی تەواوی ئەو ناوچانە بكەن كە ڕێژەیەكی زۆری حاڵەتی سكچوون و ڕشانەوەی لێ تۆمار كراوە، بەتایبەت شوێنی خواردەمەنییەكان و سەر دانەپۆشراوەكان، ئاوی خواردنەوە پێویستییەكی ڕۆژانەی هاووڵاتییانە و ئەویش هۆكارێكی سەرەكی تووشبوونە بەمجۆرە نەخۆشییانە، لە هەفتەی ڕابردوویش حاڵەتەكان زیاتر بوون، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن كارێكی پێوست بوو.

لە بەشێكی تری قسەكانی بۆ "وشە" بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هەناوی فێركاری سلێمانی ڕای گەیاند، كە زۆرینەی ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، منداڵانن، چونكە منداڵ كەمتر بەرگەی پلەی گەرمای بەرز و خواردنە ناتەندروستەكان دەگرێ.

د. ئەحمەد سەعید پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی هەناو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سكچوون و ڕشانەوە لە وەرزی گەرما لە زۆربەی شوێنەكان بەربڵاوە، خواردنی نەشیاو و سەر نەداپۆشراو وا دەكات ڤایرۆس و بەكتریای زیانبەخش بچنە لەشی مرۆڤەوە و بەمشێوەیە كۆئەندامی هەرس تووشی كێشە دەبێ، پێویستە خەڵك خۆیان لە گەرما و خواردنە سەر دانەپۆشراوەكان بەدوور بگرن و بەردەوامیش شلەمەنی بەگشتی و ئاو بە تایبەتی زۆر بخۆنەوە. 

سلێمانی/هۆشیار عەلی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د