" نابێت مامۆستایانی ئاینی هەڵسەنگاندن بۆ حزبەكان بكەن"

:: PM:04:17:09/08/2018 ‌
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە وەكالەت هۆشداری دەداتە مامۆستایانی ئاینی و ڕای دەگەیەنێت، نابێت مامۆستایانی ئاینی خۆیان بخەنە ناو كێشە سیاسییەكانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئاب/ ئۆگەستس، كۆنفرانسێك لەنێوان كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بەرێوەچوو، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەوەكالەت ڕای گەیاند، لە هیچ وڵاتێك ئەوە نەماوە كە لە 100% ی خەڵكی بەشداری هەڵبژاردن بكەن، جگە لە سیستمی حوكمڕانی دیكتۆرەكان.

وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت ئاشكرای كرد، رێگە بە هیچ مامۆستایەكی ئایینی نادرێت تێكەڵاوی بابەتە سیاسییەكان ببن و مامۆستای ئاینی بۆی نییە كە خەڵك ئاراستە بكات بەوەی كە دەنگ بە لیستێكی دیاریكراو بدەن.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، هیچ مامۆستایەكی ئاینیی نابێت هەڵسەنگاندن بۆ حزبەكان بكات بەتایبەت باسی ئەوە بكات " كێ گەندەڵە یا خراپە"، چونكە بچووكترین حزب كە باسی گەندەڵی دەكات بەپێی قەبارەی خۆی بەشدارە لە سیستمی حكومڕانی كوردستان.

هەر لەو كۆنفرانسەدا داوا لە مامۆستایانی ئاینی كرا كە هانی هاووڵاتییان بدەن بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم