لەسەر دانانی پارێزگاری كەركووك پارتی وەڵامی یەكێتی دەداتەوە

:: PM:05:35:09/08/2018 ‌
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە كە باس لە ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر دانانی كەسێك لە پۆستی پارێزگاری كەركووك دەكەن.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبیی داگیر كراوە، ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی كە گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی شارەكە و دەسەڵاتەكەیان ڕادەستی حوكمی سەربازی بەغدا كرد لەوكاتەیشەوە تا ئێستە شارەكە بەبێ‌ پارێزگاری شەرعی ماوەتەوە و لەلایەن عەرەبێكەوە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێك لایەنی سیاسیی هەواڵی ئەوەیان بڵاو كردەوە كە پارتی و یەكێتی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسییان ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی كەسێك بكەن بە پارێزگاری شارەكە، بەڵام د. محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ڕەتی دەكاتەوە و بۆ "وشە" گوتی، لە كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی باسی دۆخی كەركووك دەكرێت، بەڵام ئەوە یەكلا نەكراوەتەوە كە كەسێك بكرێت بە پارێزگاری شارەكە و لەگەڵ یەكێتیش ئەو پرسە یەكلا نەكراوەتەوە.

ڕوونی كردەوە كە تا ئێستەیش كەركووك وەك شارێكی داگیركراو وایە، بەڵام ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق هەیە هەنگاوێكی باشە تا دۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردووە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی لەو شارەدا نەكرد و ڕای گەیاند، شارێك لە ژێر دەسەڵاتی سەربازیدا بێ ناكرێ‌ هەڵبژاردنی تێدا بكرێ.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم