گفتوگۆی نێوان توركیا و ئەمەریكا شكستی هێنا و بەهای لیرە زیاتر دابەزی

:: PM:09:29:09/08/2018 ‌

بەهای لیرەی توركیا ئاستێكی تری پێوانەیی لە دابەزین لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكایی تۆمار كرد، ئەوەیش دوای ئەوەی شاندی توركیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا بێ چارەسەركردنی ناكۆكیی دیپلۆماسی لە واشنتن گەڕایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم تا سەعات 12ی نیوەڕۆ بە كاتی گرینیج، بەهای لیرەی توركیا لە بەرانبەر دۆلار گەیشتە 5.4810 لیرە و بەوەیش دابەزینێكی بە رێژەی 3.6% بە گوێرەی پێشتر تۆمار كرد كە گەیشتبووە 5.5 لیرە بۆ دۆلارێك. 

بە هۆی مەترسی لە سەپاندنی باڵادەستیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بەسەر سیاسیەتی دراو لەو وڵاتە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی توركیا لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكا سێیەكی بەهاكەی لەدەست داوە.

ئەمە و شاندێكی توركی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمەریكا بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وڵاتە كۆ بوونەوە كە بەم دواییە زۆر ئاڵۆزی تێكەوت، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بۆ چارەسەربوونی كێشەكانیان دوای گفتوگۆیەكی یەك سعاتی دیار نەكەوت. 

بەم دواییە پێوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا گەیشتە هەڕەشەكردن لە توركیا بە سەپاندنی سزا بەسەریدا ئەگەر قەشەیەكی ئەمەریكایی ئازاد نەكات كە ماوەی دوو ساڵە لەلایەن توركیا گیراوە و لە ماوەی رابردوو دادگای توركیا رەتی كردەوە كە ئازادی بكات و بە تۆمەتی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ فەتحوڵا گوڵەن و پەكەكە گیراوە.  

لەلایەكی تر ئاژانسی (فیش) ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە پێویستە توركیا بە پەلە دابەزینی زۆری بەهای دراوەكەی بوەستێنێت ئەگینا دۆخی ئەو وڵاتە خراپ بووە، بۆیە پێویستە بۆ كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆ چەند رێوشوێنێك لەلایەن بانكی ناوەندی توركیا وەربگیرێت و پێوەندییەكانیشی لەگەڵ ئەمەریكا باشتر بكات.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل