عەبادی و نێچیرڤان بارزانی پرسی گرێبەستە نەوتییەكانیان تاوتوێ كردووە

:: PM:10:13:09/08/2018 ‌

گوتەبێژ بەناوی نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، لە میانی سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كراوە.

سەعد حەدیسی ئەمڕۆ پێنجشەم لە لێدوانێكی بۆ "بەغداد تودەی" گوتی، لە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوتوێی هاریكاریان لە نێوان هەردوو حكوومەت كردووە بە پێی دەستوور.

زیاتر گوتی، هەروەها هەردوولا تاوتوێی كێشەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد و دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی فیدراڵ بەرەو هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرێبەستەكان دەچێت كە پێچەوانەی دەستوورن.

حەدیسی دووپاتی كردەوە كە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەكان لە عێراق لەوانەیش نەوت،  دەسەڵاتی سیادین و بۆ حكوومەتی هەرێم یان هەر پارێزگایەكی تر نییە گرێبەستی نەوتی بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا و وەرگرتنی رەزامەندی ساز بكات، بۆیە ئەو گرێبەستانەی لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە كراون پێشێلكاریی دەستوورین و پێویستە چارەسەر بكرێن.

لە كۆتایی مانگی تەمووزی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و چەند پرسێكی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوتوێ كرد، لەوانە هاریكاری لە بورای نەهێشتنی تیرۆر و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل