نرخی نەوت بەرزبوویه‌وه‌

:: AM:09:24:10/08/2018 ‌
نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گرێ دراوە بە ڕووداوە ئابووری و سیاسییەكان و هەر جۆرە كاریگەرییەك بۆ سەر ئاستی خستنەڕوو و داخوازی لە بازاڕەكە، نرخەكەیشی بەرز یان نزم دەكاتەوە.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسەوە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لەم مانگەدا. 

هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 73 دۆلار و 30 سەنت داخرابوو، بەڵام ئێستە نرخەكەی بە 75 دۆلار و 90 سەنت دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی "dailyfx" هاوكات نرخی نەوت ئەمەریكی ناسراو بە WTI لە 68 دۆلار و 60 سەنتەوە بەرز بووەتەوە بۆ 70 دۆلار و 18 سەنت.

لە گرنگترین  و نوێترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، بۆ دەستپێكردنی قۆناغی نوێی سزاكانی ئەمەریكا دژی ئێران دەگەڕێتەوە.

هەفتەی رابردوو نرخی نەوت دابەزیبوو و گرنگترین هۆكاریش بریتی بوو لە كەمبوونەوەی ئاڵۆزییەكان لە گەرووی بابولمەندەب. 

سزای نوێی ئەمەریكا زیاتر بۆ كەرتی دارایی و بازرگانییە و سزاكانی سەر كەرتی نەوت لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەكات. ئەمەریكا هەڕەشەی لە ئێران كردووە هەناردەی نەوتەكەی دەگەیەنێتە سفر و ئەمەش لە دابینكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی دنیا بۆشایی دەهێنێتە كایەوە.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە ڕووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.


وشە - محەمەد میران