ژنه سیاسه‌تمه‌دار و دیپلۆماتكار و پارێزه‌ر و نووسه‌رێكی
كه‌نه‌دییه، به یه‌كه‌م ژن داده‌نرێت پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ها به یه‌كه‌م كه‌سیش داده‌نرێت كورتترین ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت كه ته‌نیا 132 ڕۆژ بووه، ئێسته‌یش سه‌رۆكی دادگای باڵای وڵاته‌كه‌یه.
ژیاننامه
ناوی
ته‌واوی"ئاڤرێل پێدرا دۆگلاس كامپێل"ه، له 10ی ئادار/مارسی ساڵی 1947 له شاری پۆرت ئالبێرنی كۆڵۆمبیای به‌ریتانیا له دایك بووه، دایكی ناوی "لیزا مارگرێت" كه كاری چێشتلێنه‌ر بوو، هه‌روه‌ها باوكی ناوی "جۆرج تۆماس كامپێل"ه ئه‌فسه‌ری سوپای كه‌نه‌دا بوو له ئیتاڵیا.
كاتێك ته‌مه‌نی 12 ساڵ بووه دایكی، خۆیی و خوشكه‌كه‌ی جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوا، كامپێل و ئه‌لێكسی خوشكی لای باوكیان گه‌وره ده‌بن، كاتێك گه‌یشتووه‌ته ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری نازناوی "كیم"ی له خۆی ناوه.
هه‌ر ئه‌و كاته ده‌بێته بێژه‌ر و پرۆگرامی منداڵان پێشكه‌ش ده‌كات له كه‌ناڵی CBCی كه‌نه‌دی، دواتر ده‌بێته په‌یامنێر له هه‌مان كه‌ناڵ.
دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی بۆ شاری ڤانكۆڤه‌ر ده‌گوازنه‌وه و ده‌چێته قوتابخانه‌ی Prince of Wales و له خوێندن زۆر سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و ده‌بێته یه‌كه‌می سه‌ر قوتابخانه‌كه‌ی و له ساڵی 1964 ده‌رده‌چێت و ده‌چێته زانكۆ.
له زانكۆی كۆڵۆمبی به‌ریتانی و له ساڵی 1969 بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له به‌شی زانسته سیاسییه‌كان به ده‌ست ده‌هێنێت، دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و ده‌ست به خوێندنی دكتۆراكه‌ی ده‌كات، هه‌روه‌ها چه‌ند ساڵێك له ڕووسیا ده‌مێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زمانی ڕووسی فێر ببێت، دواجار دكتۆراكه‌ی ته‌واو ناكات و ده‌گه‌ڕێته‌وه ڤانكۆڤه‌ر.
له ساڵی 1972 هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نه‌یسن دیڤینسكی ده‌كات و له ڤانكۆڤه‌ر ده‌ژین، دوای ئه‌وه‌ی به‌شی یاسا له هه‌مان زانكۆی كۆڵۆمبیا ده‌خوێنێت و له ساڵی 1983 بڕوانامه‌ی له‌و به‌شه به‌ده‌ست هێناوه و تا ساڵی 1986 كاری پارێزه‌ری كردووه.
هه‌ر له‌و كاته‌ی یاسای ده‌خوێند له زانكۆكه وانه‌ی زانسته سیاسییه‌كانی گوتووه‌ته‌وه، له ساڵی 1983 له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا ده‌بێته‌وه و سێ ساڵ دوای ئه‌وه شوو به پیاوێكی تر به ناوی هاوارد ئیدی ده‌كات و به‌ر له‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت، له‌ویش جیا ده‌بێته‌وه، ئێسته‌یش هاوسه‌ری هێرشێی فیڵده‌ر ئه‌كته‌ر و پیانۆژه‌نه.
له ساڵی 1988 كامپێل بۆ پۆستی ئه‌ندامی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێ، دوای ساڵێك ده‌بێته وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا بۆ كاروباری گه‌شه‌پێكردنی وڵاتانی باكور و هیندستان، دوای ئه‌وه ده‌بێته وه‌زیری داد، له ساڵی 1993 ده‌بێته وه‌زیری به‌رگریی نه‌ته‌وه‌یی.
پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران
له مانگی شوبات/فێبرایه‌ری ساڵی 1993 برایان مۆلرۆنی سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له سیاسه‌ت ڕاگه‌یاند، له 25ی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵ كامپێل ڕكابه‌رانی ده‌به‌زێنێت و ده‌بێته سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاته‌كه، دوای وه‌رگرتنی پۆسته‌كه چاكسازی زۆری له كابینه‌كه‌ی كرد و له 35 وه‌زیره‌وه بۆ 23 وه‌زیر كه‌می كردنه‌وه.
دوای دوو مانگ له خزمه‌تكردنی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی زۆریان خۆشویستووه و ڕێزیان لێ ناوه، جگه له‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ڕێژه‌ی لایه‌نگران و پشتیوانانی به‌رز بوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌رگیز له‌و خانووه نه‌ماوه‌ته‌وه كه تایبه‌ته به‌و كه‌سانه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا وه‌رده‌گرن، به‌ڵكوو له خانوویه‌كی ئاسایی بووه و خۆی خه‌رجییه‌كه‌ی كردووه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ی بووه‌ته سه‌رۆك وه‌زیران ته‌واوی كاته‌كه پشووی هاوین و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بووه، بۆیه نه‌یتوانیوه له په‌رله‌مان دا‌نیشێت تا مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری ئه‌و ساڵه كه هه‌ڵبژاردنی گشتی نزیك بووه و حزبی لیبرال به‌رانبه‌ر حزبی پارێزگاران كه سه‌رۆكه‌كه‌ی كامپێل بوو، ئاستیان به‌رز بووه‌وه و ڕكابه‌رییان ده‌كرد.
له 25ی ئۆكتۆبه‌ر و شه‌وێك به‌ر له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، كامپێل و حزبه‌كه‌ی له‌لایه‌ن حزبی لیبراله‌وه شكێنران و له حكوومه‌ت دوور خرانه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له 13ی دیسێمبه‌ری ساڵی 1993 ده‌ستی له كار كێشایه‌وه وه‌ك سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی و جان چارێست شوێنی گرته‌وه، به‌مه‌یش به یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیران داده‌نرێت ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه به‌م شێوه‌یه كورت بێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردن دۆڕا، به‌ڵام گۆڤاری چاتالینی تایبه‌ت به ژنان كامپێلی وه‌ك ژنی ساڵی بۆ 1993 دیاری كرد، له ساڵی 1996 كتێبێكی به ناوی "كات و چانس" بڵاو كرده‌وه كه دوای ماوه‌یه‌ك بووه پڕ فرۆشترین كتێب، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا كرایه ڕاوێژكاری گشتی له‌لایه‌ن ویلایه‌تی كالیفۆڕنیاوه، له ساڵی 1999 تا 2003 بووه‌ته سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ژنه سه‌ركرده‌كانی دنیا، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی زۆر له كۆمپانیاكانی ته‌كنه‌لۆجیا بووه، له دووی ئابی ساڵی 2016 له‌لایه‌ن حزبی لیبراله‌وه پۆستی سه‌رۆكی دادگای باڵای كه‌نه‌دای پێ دراوه و ئه‌ویش قبوڵی كردووه و تا ئێسته‌یش له‌و پۆسته به‌رده‌وامه.