ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی تووشی كێشەی خۆی بۆتەوە و بەهۆی زۆری یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست تا ئێستا خۆی بۆ پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەی یەكلایی نەكردۆتەوە.
رۆژنامەی (سپۆڕت)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: یانەی بەرشەلۆنە ئێستا كێشەی زۆری یاریزانانی هێڵی ناوەڕاستی هەیە كە 8 یاریزان لەخۆ دەگرێ.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە ڤالڤێردی تا ئێستا خۆی بۆ پێكهاتەی سەرەكی لە هێڵی ناوەڕاست یەكلایی نەكردۆتەوە ئەویش بەهۆی باشی بەشێكی زۆری یاریزانەكانی ئەم هێڵەوە.
یانەكە ئێستا 8 یاریزانی لە هێڵی ناوەڕاست هەیە كە ئەوانیش برێتین لە: فیلیپ كۆتینیو، ئیڤان راكیتیچ، سێرجیۆ بۆسكێتس، ئەرتۆرۆ ڤیدال، دینیس سوارێز، رافینیا، ئارسەر میلۆ و سێرجیۆ سامپەر.
ڤالڤێردی لە بەشی هەرە زۆری یارییەكانی رابردوویدا پشتی بە 3 یاریزانی سەرەكی لە هێڵی ناوەڕاست بەستووە ئەوانیش برێتین لە ئیڤان راكیتیچ، سێرجیۆ بۆسكێتس و فیلیپ كۆتینیو.
یانەی بەرشەلۆنە پاڵەوانی وەرزی رابردووی ئیسپانیا لە 4 یاریی رابردووی وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ئێستاش بە 12 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكان دێت، سبەی سێشەمیش لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مێوانداری یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەكات.