دابەشكردنی مووچە بە سستی بەڕێوە دەچێت

:: PM:07:11:18/09/2018 ‌
هەرچەندە بەپێی بەڵێنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوایە دەبوو تا ئێستە زۆربەی وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان مووچەیان وەرگرتبا، بەڵام دابەشكردنی مووچە بە سستی بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە 30 ڕۆژە بەشێك لە وەزارەتەكان مووچەیان وەرنەگرتووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر بەڵێنی دابوو كە 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران دابەش بكرێ، بەڵام ئەم مانگە دابەشكردنی مووچە دواكەوتوو تا ئێستە ژمارەیەك وەزارەت و دامەزراوە مووچەیان وەرنەگرتووە.

مانگی ئابی ڕابردوو تا ناوەڕاستی ئەو مانگە زۆربەی وەزارەت و دامەزراوەكان مووچەكانیان وەرگرتبوو، بەڵام بۆ ئەم مانگە چەندان ڕۆژ بەسەر وادەی دیاریكراودا تێپەڕ بووە و وەزارەتی دارایی ڕۆژانە ناوی یەك وەزارەت بۆ وەرگرتنی مووچە ڕادەگەیەنێت.

لەو چوارچێوەیەدا سبەی چوارشەم مووچەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێ‌ و تا ئێستەیش دیار نییە كە كەی مووچەی وەزارەتەكانی تر دابەش دەكرێت، چونكە وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچە وەك ئەوەی بڕیاری لێداوە بە فەرمی ڕاناگەیەنێت.

لە دوو مانگی ڕابردوو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە وادەیەكی دیاریكراودا مووچەكانیان وەردەگرت. وەزارەتی دارایی ڕای گەیاندووە كە بۆ دابەشكردنی مووچە جگە لە داهاتی ناوخۆ پشت بە 317 ملیار دیناری تر دەبەستن كە لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە بەپێی ڕێككەوتن ڕەوانە دەكرێ‌.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم