گریزمان: ئەمساڵ لەگەڵ ئەتلەتیكۆ مەدرید چامپیۆنس لیگ دەبەینەوە

:: AM:11:02:19/09/2018 ‌

ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی و هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی رایگەیاند كە هیوای تەواویان هەیە ئەمساڵ جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا (چامیۆنیس لیگ) بەدەست دێنن.

شەوی رابردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ لە یانەی مۆناكۆی فڕەنسی بردەوە.

دوای یارییەكە گریزمان بە رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی رایگەیاند: پێموایە ئەمساڵ لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبەینەوە.

زیاتر گوتی: پارساڵ ئاستێكی باشمان لە پاڵەوانیەتییەكەدا پێشكەش نەكرد، بەڵام هەر هیوام بۆ بەدەستهێنانی جامەكە لەدەستنەداوە و هەرچەندە بەهۆی بوونی یانە بەهێزەكانی تری ئەوروپا بردنەوەی ناسناوەكە زەحمەت بووە.

گریزمان هەروەها رایگەیاند: بڕوای تەواوم هەیە ئەمساڵ دەتوانین جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ببەینەوە، یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكەش لەنێو یاریگەی ئێمە بەڕێوەدەچێت و بێگومان ئەمەش پاڵپشتییەكی گەورە دەبێت بۆ ئێمە.

لە كۆتاییدا ئەستێرە فڕەنسییەكە رایگەیاند كە ئەمساڵ ئامانجی سەرەكی و تەقەڵای زیاتریان بۆ خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبێت ئینجا خولەكانی تر.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەكە لە وەرزی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیسپانیا ئاستی وەك پێویست نییە و لە 4 یاریی رابردوودا تەنیا یەك یاریی بردۆتەوە و یارییەكیشی دۆڕاندووە و لە 2 یاری تریشدا یەكسان بووە، یانەكە ئێستا بەكۆكردنەوەی 5 خاڵ لە ریزبەندی 9ی یانەكان دێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م