به‌رپرسێكی یه‌كێتیی ژنانی كوردستان، ژینگه‌ی شارۆكه‌ی شاره‌بان له نێوان شارۆكه‌ی خانه‌قین و باقووبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله به ژینگه‌یه‌كی ناله‌بار بۆ ژنان پێناسه ده‌كات و پێی وایه، عه‌شیره‌تگه‌ری و سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان له ناوچه‌كه، زیانی به باری كۆمه‌ڵایه‌تی ژنان گه‌یاندووه.
نه‌جوا حه‌سه‌ن ده‌لۆ به‌رپرسی لیژنه‌ی شارۆكه‌ی ژنانی یه‌كێتی ژنانی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، له سنووری شاره‌بان و ده‌وروبه‌ری، به‌ربه‌ستی زۆر له به‌رده‌م ژناندا هه‌یه بۆ كاری رێكخراوه‌یی و بگره حكوومیش، چونكه هێشتا خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه زۆر پێوه‌ستن به دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌شیره‌تگه‌ری و به عه‌یبی ده‌زانن ژنان له رێكخراوه‌كانی ژنان و ژناندا كار بكه‌ن.
ئه‌و گوتی، ژنانی كورد سه‌رباری ئاسته‌نگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌ستبه‌رداری كاری رێكخراوه‌یی و حكوومی نه‌بوون، ئه‌وه‌ش وای كردووه چاویان لێ بكرێ و به‌نموونه هه‌ژمار بكرێن له شكاندنی به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
به‌گوته‌ی ده‌لۆ، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه له به‌رده‌م كاری ژناندایه، دۆخی ته‌ناهیی ناوچه‌كه‌ش زۆر خراپه، كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و كوشتن و ته‌قینه‌وه وه‌ك دیارده‌ی لێهاتووه و رۆژانه خه‌ڵكی سڤیل ده‌بنه قوربانی و ژنانیش پشكی شێریان له‌م قوربانییانه به‌رده‌كه‌وێت. خۆ ئه‌گه‌ر ژنان به‌هۆی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانه‌وه شه‌هید نه‌بن یان بریندار نه‌بن، خۆ بێوه‌ژن یان جه‌رگسووتاو ده‌بن و ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر ژنانی سنووری شاره‌بانی له كاری رێكخراوه‌یی سارد كردووه‌ته‌وه.
ئه‌و خستیه‌ڕوو هه‌ر رێكخراوێكی تایبه‌ت به ژنان و ژنان ژماره‌ی ئه‌ندامانی زۆر ئه‌سته‌مه بگاته په‌نجه‌كانی یه‌ك ده‌ست، چونكه ناوچه‌كه بووه‌ته زیندانی ژنان. هاوكات گوتی "تا ئێسته رێگه‌گرتن له كچان بۆ ته‌واوكردنی قۆناغه‌كانی خوێندن له سنووری شارۆكه‌ی شاره‌بان و ده‌وروبه‌ری به‌رده‌وامه، رێ به كچان ده‌درێ قۆناغی سه‌ره‌تایی یان بنه‌ڕه‌تی ته‌واو بكه‌ن، به‌ڵام دواتر زۆرینه‌ی ره‌های خێزانه‌كان خوێندنی كچان به پێویست و گرنگ نازانن و له قوتابخانه ده‌ریان ده‌كه‌ن".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتیی ژنانی كوردستان، باسی له به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری كرد و گوتی، زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه ژیانیان له‌سه‌ر كشتوكاڵه و ساڵانێكه به‌هۆی خراپی دۆخی ته‌ناهییه‌وه، كێڵگه و بێستانه‌كان بوونه‌ته په‌ناگه‌ی تیرۆر و تیرۆریستان، بۆیه به‌هۆی له‌ده‌ستدانی ئه‌و سه‌رچاوه بژێوییه‌ی هاووڵاتییانه‌وه، ماڵباته‌كان په‌له ده‌كه‌ن له به‌شوودانی كچه‌كانیان، زۆرینه‌ی ره‌های كچانی ئه‌و سنووره له 15 بۆ 16 ساڵی به‌شوو ده‌درێن.
له‌باره‌ی لێكه‌وته‌كانی جه‌نگی تایفی له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌و به‌رپرسه‌ی ژنان پێی وایه له ده‌ركه‌وتنی گرووپه تیرۆریستییه‌كانی وه‌ك قاعیده و داعش، وا وێنا كراوه ئه‌وانه نوێنه‌رایه‌تیی سوننه ده‌كه‌ن، بۆیه به‌و هۆیه‌وه خێزانه شیعه‌كان خۆیان له خێزانه سوننه‌كان به‌دوور ده‌گرن، به پێچه‌وانه‌شه‌وه پاش ده‌ركه‌وتنی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك هێزێكی شیعه‌كان، هاوسه‌رگیری له نێوان هه‌ردوو ئاینزاكه كه‌م بووه‌ته‌وه.
نه‌جوا ده‌ڵێ، ده‌یان كۆڕ و سیمیناریان ساز كردووه بۆ شكاندنی ته‌وقه مه‌زه‌وییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری، بۆ ئه‌وه‌ش كاره‌كانیان ده‌رئه‌نجامی گرنگی هه‌بووه. ئه‌و هیوای خواست ئه‌و دیارده‌یه كه‌م ببێته‌وه و له‌گه‌ڵ نه‌مانی گرووپه تیرۆریستییه‌كان یان لاوازبوونیان، نابێ چیتر كوڕان و كچان باجی جه‌نگه‌كان بده‌ن.
ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشییه له سنووره‌كه، ئه‌وه‌یه كه ژنانی كورد نه‌كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی گرووپه تیرۆریستییه‌كانه‌وه.
وشه/ سه‌بری هۆرێنی