بكوژانی كاوە گەرمیانی داوا لە خێزانەكەی دەكەن دەنگیان پێ بدات

:: PM:02:06:23/09/2018 ‌
كەمپەینی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، چەند جارێك پێوەندییان بە هاوسەری ڕۆژنامەنووسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی كردووە و داوایان لێ كردووە دەنگ بە یەكێتی بدات، ئەویش بە توندی ڕەتی دەكاتەوە و هێما بۆ ئەوە دەكات كە چۆن ڕوو لە كەسێك دەكەن كە دەنگیان پێ بدات، لە كاتێكدا منداڵەكەیان بێ باوك كردووم.

شیرین ئەمین هاوسەری ڕۆژنامەنووسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زیاتر لە چەند جارێك لە درەنگانی شەو لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ دەنگدان بە لیستی یەكێتی پێوەندیم پێوە كرا، منیش دواجار خۆم پێ ناساندن و پێم گوتن، ژمارەی منتان لە كوێوە دەست كەوتووە و گوتیان لە ڕێكخستنەكانی خۆیان، دواتر پێم گوتن، من شیرین ئەمینم هاوسەری ڕۆژنامەنووسی شەهیدكراو كاوە گەرمیانی كە بە دەستی ئێوە تیرۆر كراوە و منداڵەكەمتان بێ باوك كرد، چۆن ڕووتان دێ داوای دەنگم لێ بكەن.

ئاماژەی دا، جیا لەوەیش من خۆم كاندیدم بۆ پەرلەمان لەسەر لیستێكی تر، چۆن دەتوانن داوا لە كاندیدێك بكەن دەنگیان پێ بدات، ئەوەی جێی گومانە چۆن ڕێكخستنەكانی یەكێتی ژمارەی هەموو كەسێكیان لایە و پێوەندی پێوە دەكەن، ئەمە نیشانە و ئاماژەی ئەوەیە كە تەلەفۆنی خەڵكی ئەو سنوورە بە وردی لە ژێر چاودێریدایە و دەزگای تەناهی یەكێتی و ڕێكخستنی ئەو حزبە هەموو وردەكارییەكی ژمارە تەلەفۆنەكان دەزانن.

لە بەشێكی تری قسەكانی هاوسەری كاوە گەرمیانی گوتی، ئەوان بانگەشەی كەمپەینی ئارام دەكەن، كەچی هەر لە میدیاكان نا، بەڵكو تەواوی خەڵكی گەرمیانیان بێزار كردووە و تەلەفۆن لە درەنگانی شەو دەكەن و سواڵ بۆ دەنگ دەكەن.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د