هەولێر سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر تەڵەبە بەدەستهێنا

:: AM:08:35:24/09/2018 ‌

دوێنێ یەكشەم یانەی هەولێر لە دووەم یاریی خۆیدا لە خولی نایابی عێراق لەبەردەم هاندەران و یاریگەی خۆی سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانەی تەڵەبە بەدەستهێنا.

لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی دووەمی قۆناغی یەكەمی خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێی، شەوی رابردوولە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری یانەی هەولێر میوانداری یانەی تەڵەبەی كرد بەئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە هاندەرانی یانەكەی.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا یانەی هەولێر بەتەواوی كۆنترۆلی یارییەكەی كردبوو بە مەبەستی تۆماركردنی گۆڵ.

هەر لە سەرەتاوە فشاری لەسەر گۆڵی یانەی تەڵەبە دروست كرد، بەڵام هەوڵەكانی بێ سوود بوون، لەبەرامبەریشدا یانەی تەڵەبە هیچ مەترسییەكی لەسەر گۆڵی دیدار حامدی گۆڵپارێزی هەولێر نەبوو و گێمی یەكەمی یارییەكە بەیەكسانبوونی هەردوو یانە بەبێ گۆڵ تەواوبوو.

لە گێمی دووەمی یارییەكەدا یانەی هەولێر بەردەووام بوو لە هێرشەكانی بۆ سەر گۆڵی یانەی تەڵەبە تا لە خولەكی 54 لە رێگەی لێدانێكی راستەوخۆدا یاریزان محەمەد جەڤال گۆڵی یەكەم و سەركەوتنی بۆ هەولێر تۆماركرد.

دوای ئەم گۆڵە یاریزانانی یانەی تەڵەبە هەوڵی یەكسانبوونیتم دەدا، بەڵام هەوڵەكانی بەرامبەر گۆڵی هەولێر شكستی هێنا تا ناوبژیوانی یارییەكە فیكەی تەواوبوونی یارییەكەی لێدا بەسەركەوتنی یانەی هەولێر بەئەنجامی گۆلێكی بێ بەرامبەر.

بەم سەركەوتنە یانەی هەولێر كۆی خاڵەكانی بۆ 4 خاڵ بەرزكردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م