كۆنگرێس پڕۆژە یاسایەك لە دژی دەستوەردانی ئێران لە عێراق پەسند دەكات

:: PM:07:37:27/09/2018 ‌

لێژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكا پڕۆژە یاسایەكی پەسند كرد لەبارەی  سزادانی ئەو بەرپرسانەی ئێران كە هەڕەشەن بۆ سەر عێراق، ئەوەیش لە چوارچێوەی رێگرتن لە دەسترۆیشتووی و دەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراقدا.

وەك لە بەیاننامەیەكی كورت لەبارەی پەسندكردنی پڕۆژە یاساكەدا هاتووە، سزا بەسەر چەند كەسایەتییەكی ئێرانی دێتە سەپاندن كە هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق دەكەن و بیل رویس، سەرۆكی لیژنەكە لەو بارەوە گوتی، ئەو یاسایە دەسەڵات بە ئەمەریكا دەدات بۆ بەرپرسیاركردنی ئێران و میلیشیاكانی لە بەرانبەر چالاكییە بكوژییەكانیان لە عێراق.

یاساكە ئەو میلیشیایانەی وەك هەڕشەیەك بۆ گەلی عێراق و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق دانا، ئەو كاتەی ئەندامانی میلیشیاكان گولە هاوەنیان گرتە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لە ماوەی ئەم مانگەدا.

بەپێی زانیارییەكان یاساكە چەندا ن خاڵ لەخۆ دەگرێت و باس لە سزادانی ژمارەیەك بەرپرسی ئێرانی دەكات كە كاریگەریان بۆ سەر دۆخی عێراق هەیە و ئەوانەیشی رێگرن لە پرۆسەی چاكسازی لەو وڵاتە و سزاكانیش بریتین لە بلۆككردنی پارە و راگرتنی ژمارەی بانكی و پێنەدانی ڤیزای ئەمەریكا و سزای تریش.

پێشتر رۆژنامەی "مۆنیتۆر"ی ئەمەریكایی لە راپۆرتێكیدا ئاماژە كردبوو، كۆنگرێس جارێكی تر هەوڵی كەمكردنەوەی دەسترۆیشتوویی ئێران لە عێراق دەدات لە رێگەی سەپاندنی سزا بەسەر هەریەك لە عەسائیب ئەهلولحەق و حزبوڵای عێراقی و بزووتنەوەی نوجەبا كە بە گرووپی چەكداری ناو حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران و نەیار بۆ مانەوەی ئەمەریكا لە عێراق ناسراون.

وەك رۆژنامەكە دەڵێت، پڕۆژە یاساكە لەلایەن دێڤید بیروود، سیناتۆر لە ویلایەتی كالیفۆرنیا پێشكەیش كراوە بۆ سزادانی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق و وەك خۆی دەڵێت، پڕۆژە بڕیارەكە پەیامێكی بەهێزە بەوەی چاوپۆشی لە هەوڵەكانی ئێران بۆ شێواندنی سەقامگیری لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ناكەین.  

ئەو هەوڵانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا هاوكاتە لەگەڵ زیادكردنی پاڵەپەستۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەمدواییە بۆ سەر تاران و گرووپەكانی پاڵپشتیان دەكات لە ناوچەكە، هاوكات هەوڵی دەركردنی بڕیارەكە پێش پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقە بۆ ئەوەی رێگری لە بەشداریكردنیان لە حكوومەتی نوێ بكات كە عەسائیب توانوویەتی 15 كورسی پەرلەمانی لە ناو هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری بێنێت.




وشە - هیدایه‌ت جان