كچێكی 13 ساڵان بە پەت خۆی خنكاند

:: AM:10:59:06/10/2018 ‌

شەوی ڕابردوو كچێكی تەمەن 13 ساڵان بە پەت خۆی هەڵدەواسێت و دواتر گیان لە دەست دەدات و تەرمەكەشی بۆ لێكۆڵینەوە ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو شەشی تشرینی یەكەم، نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕەئووف بەگ هەواڵێكی بڵاوی كردووەتەوە، شەوی ڕابردوو تەرمی كچێكی 13 ساڵانیان گەیاندە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكەمان كە دانیشتووی شارەدێی زەڕایەنە نزیك بانكی شارەزوور.

ئەو نەخۆشخانەیە ئاشكرای كردووە، دواتر بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كرا، بەپێی گوتەی كەسوكارەكەی كچەكە لەماڵەوە بە پەت خۆی خنكاندووە.

 لە ماوەی سێ‌ مانگی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەولێر چوار ڕووداوی تری خۆ خنكاندن بە پەت هەبووە كە سێ‌ كەسیان لە ڕەگەزی نێر بوون و یەكێكیان لە ڕەگەزی مێ‌ بوو.

دیاردەی كوشتن و خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو لە سەرەتای ساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، بەرپرسانی حكوومەتیش هۆكارەكەی بەهۆی بوونی زۆری چەك لە ماڵەكان دەگەڕێننەوە، چەندان هەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی چەكیش بەڕێوە چوو لە ڕابردوودا.




وشە - رامیار جەواد