گەرمیان.. هاووڵاتییەك بەهۆی هەژارییەوە خۆی خنكاند

:: PM:08:37:06/10/2018 ‌
 
سەرچاوەیەكی فەرمی لە پۆلیسی گەرمیان رای گەیاند كە هاووڵاتییەكی بەساڵاچوو بەهۆی هەژاری و نەدارییەوە خۆی خنكاندووە.

رائید عەلی جەمال، بەرپرسی راگەیاندن و پێوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو هاووڵاتییەكی بەساڵاچووی تەمەن 63 ساڵ بەناوی (عەلی فارس عەلی)، بە پەت خۆی خنكاندووە.
 
زیاتر گوتی، تەرمی ئەو هاووڵاتییە گەیندراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار و بەگوتەی كەسوكارەكەی ئەو هاووڵاتییە بەهۆی هەژاری و نەدارییەوە پەتی بۆ خۆی هەڵخستوە و خۆی خنكاندووە.
 
لەلایەكی تر هەر ئەمڕۆ لە نزیك گوندی حەسیرەی سەر بە شارەدێی سەرقەڵای سەر بە شارۆكەی كفری، پۆلیسێكی نەوت و گاز  بە هۆی روداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا.

ئارام ئەحمەد، یاریدەری پزیشكی ئێشگر لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار بۆ "وشە" گوتی، ئەمشەو تەرمی پۆلیسێكی نەوت گازی كیڵگەی نەوتی حەسیرە بەناوی (مستەفا كەلاری) كە ماتۆری پێ بووە، بەهۆی پێكدادانی لەگەڵ ئۆتۆمبیلێك گیانی لەدەست داوە كە پێشتر پێشمەرگە بووە و بەمدواییە بووەتەپۆلیسی نەوت و گاز.
 
لای خۆیەوە نەقیب كارزان مەجید، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان هەواڵەكەی پشتراست كردەوە.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل