"بەغدا یان داواكانی بارزانی دێنێتە دی یان ڕێ بە جیابوونەوەی كوردستان دەدا"

:: PM:03:53:07/10/2018 ‌
سەرچاوەیەكی سیاسی لە بەغدا ئەمڕۆ یەكشەم ئاشكرای كرد، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری حكوومەتی داهاتووی عێراق ناكات و دۆخێكی قورسی بۆ بەغدا دروست كردووە، بەغدایش لە بەردەم دوو بژاردەدایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆك بارزانی.

سەرچاوەكە بە پێگەی "بەغدادنیوز"ی ڕاگەیاندووە، پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی دوای یەكلاكردنەوەی پۆستی سەركۆمار لە پەرلەمان، ئێستە داوا دەكات سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسەتی ستراتیجی فیدراڵی عێراق بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدرێت.

ئاماژەی دا، حكوومەتی نوێ بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی لە بەردەم هەڕەشەی ترسناكدایە و نازانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ بارزانی بكات، دوو بژاردەیشی لەبەردەمدایە، یان ئەوەتا بەغدا دەبێ داواكانی بارزانی جێبەجێ بكات، یان ڕێ بدات كوردستان لە عێراق جیا ببێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردەوە، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی كۆ دەبێتەوە و بەشدارینەكردنی لە حكوومەتی داهاتوو ڕادەگەیەنێت، چونكە بە بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح پێچەوانەی سەرجەم ڕێككەوتنە سیاسییەكان و ئەو عورفەیش بووە كە هەمیشە كاری پێ كراوە.

جیا له‌وانه‌ داواكانی بارزانی به‌ جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تی ده‌ستوور و بودجه‌ی كوردستان و پرسی پێشمه‌رگه‌ و ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێن، سه‌رۆك بارزانی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدا پابه‌ندی ته‌واوه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و داوایانه‌ بێ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د