ژماره‌یه‌ك له گه‌نجی خۆبه‌خش له گرووپی "نه‌وا" له ژێر پری مه‌وله‌وی كه به ژێر پرده‌كه ناسراوه و تایبه‌ته به فرۆشتنى باڵنده و په‌له‌وه‌ر له شاری سلێمانی، ده‌ستیان كردووه به شۆردن و ڕه‌نگ كردن و دروست كردنی وێنه‌ی باڵنده و گیانله‌به‌ره‌كانی كه له شوێنه‌دا هه‌ن.
ژێر پردی سلێمانی شوێنێكی دیاری شاری سلێمانیه و سیمایه‌كی ناشرینی ھه‌بوو به‌ھۆی ئه‌وه‌ی كه له ساڵی ھه‌شتاكانه‌وه باڵنده و ھه‌ندێك له گیانله‌به‌ره‌كانی تێدا فرۆشراوه و پاشماوه‌كانیان و كه‌لوپه‌لی دووكانداره‌كانی تێدابووه، ھه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه گرووپی "نه‌وا" بیرۆكه‌ی ڕه‌نگ كردنی ئه‌و شوێنه‌یان بۆ بێت و وێنه‌ی ئه‌و باڵنده و گیانله‌به‌رانه بكه‌نه‌وه كه له شوێنه‌كه‌دا ده‌فرۆشرێت.
په‌یام غه‌فور سه‌رپه‌رشتیاری گرووپه‌كه سه‌باره‌ت به بیرۆكه‌ی كاره‌كه به " وشه"ی ڕاگه‌یاند، گرووپی نه‌وا كه گرووپێكه له 22 كه‌س پێكھاتوون، كوڕان و كچان ھه‌ردووكیان وه‌ك یه‌ك له‌م گروپه‌دا كار ده‌كه‌ن، پرۆژه‌ی ئه‌م جاره‌مان پاك كردنه‌وه و بۆیه‌كردن و وێنه‌كێشانی چه‌ند گیانله‌به‌رێكه كه له ژێر پردی مه‌وله‌وی كه به ژێر پرده‌كه‌ی شاری سلێمانی ناسراوه ئه‌نجامدا.
زیاتر گوتی، به ته‌نیا وێنه‌كێشان نه‌بووه پاك كردنه‌وه و بۆیه‌كردن و وێنه‌كێشان بووه پێشتر یه‌كێك له ئه‌ندامانی گرووپ به‌و ڕێگه‌یه‌دا ڕۆشتووه و دیمه‌نی ژێر پرده‌كه‌ی شاری سلێمانی بینیوه بۆیه پێشنیاری كردووه كه بیكه‌ن به پرۆژه‌یه‌ك و پاك كردنه‌وه و بۆیه‌كردن و به‌كارھێنانی ڕه‌نگه كراوه‌كانی بۆ بكه‌ین ھه‌تا ئه‌و شوێنانه پاكتر ده‌ربكه‌وێت و وێنه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی لێ بكێشین كه له‌وێ ده‌فرۆشرێت بۆ جوان ده‌ركه‌وتنی شوێنه‌كه.
ژێر پردی مه‌وله‌وی كه به ژێر پرده‌كه‌ی سلێمانی ناسراوه له ساڵی 1969 بۆ ساڵی 1974 دروستكراوه و له دوای ساڵه‌كانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه، كاسپكاران و باڵنده فرۆشان باڵنده جۆراو جۆره‌كانیان و گیانله‌به‌ره ماڵییه‌كانیان له‌وێ فرۆشتووه، ئێسته ئه‌وێ بووه‌ته شوێنێكی دیاری شاری سلێمانی.
سلێمانی⁄ لۆڤه محه‌مه‌د