ئەندەنووسیا.. هەزاران كەس دەبنە قوربانی بوومەلەرزە

:: PM:10:26:07/10/2018 ‌

لە ئەندەنووسیا پێنج هەزار كەس وەك ونبوو حسێب كران لە دوو ناوچەی وێرانبوو بەهۆی بوومەلەرزەوە لە شارەدێی بالو لە دوورگەی سولاویسی، ئەوەیش دوای ئەوەی بوومەلەرزە و تسۆنامی لەو ناوچانەی دا.

سۆتۆبۆ بۆروو نۆگرۆهۆ، گوتەبێژ بەناوی ئاژانسی بەڕێوەبەردنی تەنگژەكان ئەمڕۆ یەكشەم بۆ رۆژنامەوانانی راگەیاند كە ئەو زانیارییانە پشت بە پێشبینییەكانی بەرپرسانی هەردوو ناوچەی بیتۆبۆ و بالاروا دەبەستن كە لە 27ی سێپتێمبەر دووچاری ئەو كارەساتە دووسەرە بوونەوە و تا ئێستەیش پرۆسەی گەڕان بەدوای ونبووان بەردەوامە و تا 11ی ئەم مانگەیش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە بەمردوو حسێب دەكرێن، وەك فرانس پرێس گواستییەوە.

تا ئێستە تەرمی هەزار و 763 كەس لە قوربانیانی ئەو بوومەلەرزە و تسۆنامییە دۆزراونەتەوە، بەڵام تیمەكانی رزگاركردن ترسیان لەوە هەیە كە هەزاران تەرمی تر لە دوو گەڕەكی بالۆ هەبن كە بەهۆی بوومەلەرزەكەوە زیانی زۆریان بەركەوتووە.

ئەو گوتەبێژە روونی كر دەوە كە بەپێی زانیاری بەرپرسانی هەردوو ناوچەكە تا ئێستە هیچ سۆراخێكی پێنج هەزار كەس نییە، بەڵام دەسەڵاتداران تا ئێستەیش دەیانەوێ لەو ژمارەیە دڵنیا ببنەوە.

لای خۆیەوە محەمەد سیوغی، سەرۆكی ئاژانسی ئەندەنووسیا بۆ كاری گەڕان و بەهاناهاتن بە "فرانس پرێسی"ی راگەیاند، ئێمە لە 10یەم رۆژی كارەساتەكەین و شتێكی سەیر دەبێت ئەگەر كەسێكی زیندوو بدۆزینەوە. 

ئێستە حكوومەتی ئەندەنووسیا تاوتوێی راگەیاندنی گەڕەكە وێرانبووەكانی بالو وەك گۆڕی بەكۆمەڵ دەكات و دەیەوێ دەستیان لێ نەدات، لەو كاتەی هەفتەی رابردوو سەتان تەرم لەگۆڕی بەكۆمەڵ نێژران بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەهۆیانەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل