گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕای گەیاند، بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆ كە وەرگەرانی ماتۆرسكێلێك بووە دوو كەس گیانیان لە دەستداوە كە لە ژن و مێرد بوون.
ئەمڕۆ دووشەم هەشتی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، فازڵ حاجی بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی گوتی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێی گوندی "ئازیانە" كە یەكێكە لە گوندەكانی سەر بە شارەدێی قوشتەپە ماتۆرسكێلێكی سێ تایە كە شۆفێر و چوار سەرنشینی لەسەر بووە و سەرجەمیان ئەندامانی یەك خیزانن بەهۆی تیژرۆییەوە خۆی كیشا بە دەروازەی پردی سەر رێیەكە و وەرگەرا.
زیاتر گوتی، لە ئەنجامی ڕووداوەكە شوفێرەكە و هاوسەرەكەی گیانیان لەدەستداوە و دوو منداڵیشیان بە سەختی بریندار بوون.
بەرپرسەكەی هاتوچۆی هەولێر داوای كرد رێگاوبانی سنوورەكە ئەو ڕێیەك چاك بكات و بە جۆرێكی تر نەخشتەسازی بۆ بكرێت بە جۆرێك مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست نەكات.
ساڵانە بەهۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆوە چەندان كەس لە هەرێمی كوردستان دەبنە قوربانی كە بەشێكیان پێوەندی بە خراپی ڕێ و بانەكانەوە هەیە.