عومەری سەید عەلی دەست لە كار دەكێشێتەوە

:: AM:07:58:09/10/2018 ‌
دەركەوتنی سەرەتایی ئەنجامی دەنگەكانی هەڵبژاردن، كێشە ناوخۆیییەكانی گۆڕان زیاتر قووڵ دەكاتەوە و لە دوای ٢٤ سەعات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەیان سەركردەی ئەو حزبە دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز كردووەتەوە و بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە، لە هەفتەكانی داهاتوودا دەست لە ڕێكخەری گشتیی حزبەكە بەردەدات.

بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتایییانە بێت كە لە ڕاگەیاندنەكانەوە دزە دەكەن، بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە 10 كورسیی پەرلەمانی كوردستان كەم دەكات كە ئێستە خاوەنی ٢٤ كورسییە، ئەو ئەنجامە سەرەتایییە هەر لە ئێستەوە كێشەكانی ئەو حزبەی زیاتر قووڵ كردووەتەوە و ئەگەری دەست لەكاركێشانەوە و پەرتبوونی ئەو حزبە زۆر نزیكە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بوونەتە چەقی كێشەكانی گۆڕان و ئەگەر ئەوان مل نەدەن بۆ ئەو پڕۆژە چاكسازییانەی دراون بە خانەی ڕاپەڕاندن و گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵی گۆڕان، ئایندەی ئەو بزووتنەوەیە لە بەردەم لێكترازان و بچووكبوونەوەی تەواودایە.

سەرەتای كێشەكانیان
مردنی نەوشیروان مستەفا بووە سەرەتای دەركەوتنی كێشەكانی گۆڕان، كاتێك ئەو حزبە لە هەڵبژاردنێكی دراماتیكیدا خانەی ڕاپەڕاندنی لە سەركردە و دەموچاوە كۆنەكان پێك هێنا و هیچ ژن و گەنجێك جێیان نەكرایەوە، هەروەها هەڵبژاردنی عومەری سەید عەلی كە هەر لە نەوە كۆنەكە بوو بە ڕێكخەری گشتی و تاپۆكردنی گردی زەرگەتە و كۆمپانیای وشە بۆ سەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و دەست بەسەرداگرتنی دارایی و میدیای ئەو حزبەش هەر لەلایەن ئەوانەوە، بووە هۆی تەقینەوەی كێشەكان و زویربوونی خەڵك لەو پڕۆژەیەی نەوشیروان مستەفا 10 ساڵ پێش ئێستە دامەزرێنەری بوو.

كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، پێی وابوو هەر حزبێكی تر كە سەركردەیەكی بەهێزی وەك نەوشیروان مستەفای لە دەست بچێت، بێگومان هەم ناتوانێ شوێنەكەی پڕ بكاتەوە، هەم دووچاری هەندێ كێشە دەبێتەوە كە هەندێ جار كێشەكان بەرەو قووڵبوونەوە دەچن.

زیاتر گوتی، "بەڵێ گۆڕان كێشەی ناوخۆیی هەیە، بەڵام دەستمان خستووەتە سەر كێشەكان و دەزانین چین و لە كوێدان، بۆیە بە ئیرادەوە توانای چارەسەركردنیمان هەیە و خەریكین."

لە دوای ئەو هەوڵانەی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، هەڵوێستە سیاسییەكانی گۆڕان، هەروەها هەڵوێست گۆڕینی بەشێك لە كادر و سەركردەكانی، جگە لەوانەش زویربوونی سەركردەی وەك قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحموود و دانیشتنیان لە ماڵەوە، كاریگەریی خراپیان لەسەر جەماوەری گۆڕان دروست كرد و وای لێ هات ئەو حزبە شكستێكی چاوەڕوانكراو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بخوات.

عومەری سەید عەلی واز دەهێنێت
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لە دوای دەركەوتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی فراوانتر لەناو گۆڕاندا، عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە نامەی دەست لەكاركێشانەوەی نووسیوە و پرس و ڕاوێژی بە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و هەندێ سەركردەی تری گۆڕان كردووە، بەڵام تا ئێستە لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە ڕاگیراوە و نەیانهێشتووە بە ڕەسمی نامەكە بداتە خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی.

ئەو سەرچاوەیە ڕای گەیاند، عومەری سەید عەلی بەر لە هەڵبژاردنەكانی كوردستانیش پێشنیارێكی داوەتە چیا و نما تا یەكێك لەوان بە ڕەسمی بێتە پلەیەكی بەرپرسیارێتیی دیاری گۆڕان و لە هەڵبژاردندا كاریگەریی دروست بكەن، پێشنیاری كردووە كە ئامادەیە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت بۆ ئەوان، بەڵام لەبەر خراپیی بارودۆخی گۆڕان و بەرەیەكی ناڕازی دژی چیا و نما، ئەو داوایەیان قبووڵ نەكردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشكرا كرد، "ڕۆژانە بەرەی ناڕازیی لەناو گۆڕان فراوانتر دەبێت، بۆیە ئەگەری زۆرە كە عومەری سەید عەلی و خانەی ڕاپەڕاندن لە هەفتەكانی ئایندەدا دەست لە كار بكێشنەوە.

سەركردەكانی گۆڕان چییان گوت؟
هەر دوای ئەنجامە سەرەتایییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، چەند سەركردە و هەڵسووڕاوێكی دیاری ئەو حزبە كەوتنە ڕەخنەگرتنی توند لە گۆڕان و بەرپرسیارێتیی ئەو شكستەشیان خستە ئەستۆی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی و داوای دەستبەجێ دەست لەكاركێشانەوەیان دەكەن.

عەبدوڵا مەلا نووری كە هەڵسووڕاوێكی دیاری ئەو حزبەیە، ئاماژەی بەوە كردووە، ئەنجامە خراپەكان لە ئەستۆی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتییە و داوای دەستبەجێ دەست لەكاركێشانەوەیان دەكات. 

ئەو هەڵسووڕاوەی گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەكی تردا مانگێك بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیەكیان بۆ ڕیكخستنەوەی بزووتنەوەكە دا بە جڤاتی نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندن كە داوای گۆڕینی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی و گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵی گۆڕان و میدیا و دارایییەكەی بۆ ژوورە بەرپرسیارەكان دەكرد.

عەبدوڵا مەلا نووری نووسیویەتی، "ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن، بەهۆی لاوازی و خراپی سیاسەت و هەڵوێست و شێوازی بەڕێوەبردنیان، گرووپێكی تریش كە بەشێكیان هیچ پۆستێكی ڕێكخراوەیییان نییە، ئەمانە بەهۆی لاوازیی ڕێكخەر و خانەی ڕاپەڕاندنەوە، لە دەرەوەی ئۆرگانە ڕەسمییەكانی گۆڕانەوە پڕۆژە و بڕیاریان ئامادە دەكرد و دەیانسەپاند". 

"هەڵوێست و هەنگاوەكانی گرووپی دووەم بە جۆرێك بوو، مەترسی لەسەر ناسنامەی بزووتنەوەكەیش دروست كرد و ئەمانە هۆی پاشەكشەی گۆڕان بووە". مەلا نووری وای گوت.

"وشە" پێوەندیی بە عەبدوڵا مەلا نووری كرد و ڕای گەیاند لەو نووسینەدا هەموو شتێكی گوتووە و هیچی تری نییە بۆ گوتن.

بزووتنەوەی گۆڕان ماوەی سێ ساڵ بەسەر هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكانیدا تێپەڕیوە كە بڕیار بوو دوو ساڵ جارێك بكرێن، تا ئێستەیش بەهۆی كێشە ناوخۆیییەكانیەوە تەنیا یەك كۆنگرەی بەستووە.

ئیسماعیل نامیق یەكێكی تر لە هەڵسووڕاوە دیارەكانی گۆڕان بە هەمانشێوەی عەبدوڵا مەلا نووری هەڵوێستە خراپە سیاسییەكانی گۆڕان دەهێنێتەوە و لە ناویاندا نموونە بە یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكات و دەڵێت، پێویستە ئەوانەی لەناو گۆڕان پشتگیریان كرد، لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت نەك بەرز بكرێنەوە.

زیاتر دەڵێت، "پێشتر هۆشداریمان دا كە گۆڕان لە هەڵبژاردنەكاندا باجی ئەو هەڵە سیاسییانە دەدات، بەڵام كەس گوێی لێ نەگرتین."

هەروەها زۆر لە كادر و میدیاكارانی گۆڕانیش لە پەیج و ئەكاونتی تایبەتی خۆیانەوە ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر گۆڕان و بەرپرسەكانیان دەردەبڕن و داوای گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە بزووتنەوەكەدا دەكەن.

فەیسەڵ ساڵح ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لە دوای ئەو ئەنجامانەوە بێگومان هەموو كادرێكی گۆڕان هاوڕایە لەسەر بەخۆداچوونەوەی گۆڕان و ڕاستكردنەوەی هەر هەڵەیەك كە لە پێشتردا كرابێت.

ئایا چیا و نما مل دەدەن؟
ئەو قسەیەی عەبدوڵا مەلا نووری كە نووسیویەتی گرووپێك كە لە هیچ ئۆرگانێكی ڕەسمیی گۆڕاندا نین و پڕۆژە و بڕیاریان بەسەر گۆڕاندا سەپاندووە، مەبەستی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایە، وەك ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان باسی لێوە دەكات، ئێستە لەناو گۆڕان دوو بەرە هەیە، بەرەیەك دەموچاوە نوێیەكانن بە پاڵپشتیی قادری حاجی عەلی، بەرەیەكی تریش كە زۆرینەیان سەركردە كۆنەكانن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا نوێنەرایەتیی دەكەن.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بڵاوبوونەوەی وەرگرتنی ٢٥ دەفتەر دۆلاری مانگانە لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە لە یەكێتی و ئاشكرا نەكردنی، هەروەها ناڕوونیی تەواو لە داهاتی گۆڕان، ناڕەزایەتییەكانی ئاگرین كردووە، چونكە ئێستە بەرەكەی تر دەڵێن یان دەستبەرداربوون لە هەموو شتێكی گۆڕان لەلایەن چیا و نماوە، یان لێكترازان.

بزووتنەوەی گۆڕان ساڵی ٢٠٠٩ لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا دروست بوو و لە دوو خولی ڕابردوودا خاوەنی ٢٥ كورسیی پەرلەمانی كوردستان بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا كورسییەكانی بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و ناگات بە 15 كورسی.

ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانیی ئاماژەی بەوەش دا كە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هیچ مەیلێكیان نییە بۆ وازهێنان لەوەی دەستیان داوەتێ و دووركەوتنەوە لە هەیمەنەكردن بەسەر گۆڕاندا، تەنانەت بە عومەری سەید عەلییان گوتووە، "ئەگەر بارودۆخی ناو گۆڕان ئەوەندە دژی ئێمەیە، فەرموون گۆڕان لە گردەكە بەرنە دەرەوە و چۆنیان دەوێت ئاوا ئیدارەی بدەن و ئاراستەی بكەن."

بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام ئاماژەی بە حزبی بنەماڵە دەكرد لە كوردستان بە ئاماژە بۆ یەكێتی و پارتی، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان بە تەواوی بووە حزبی بنەماڵە و لەگەڵ ئەوەی كوڕەكانی هیچ بەرپرسیارێتییەكیان لە گۆڕاندا نییە، بەڵام تەواوی بڕیار و دارایی و میدیای گۆڕانیان بەدەستەوەیە.

ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتیی گۆڕان بە"وشە"ـی گوت، "كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بەو جۆرە نین كە باس دەكرێن و ئەم هەڵبژاردنەش هەردووكیان بۆ پشتگیریی و سەركەوتنی گۆڕان لە بەریتانیاوە گەڕانەوە كوردستان و بەشداریی هەڵمەتی هەڵبژاردنیان كرد." 

"گۆڕان لە پووكانەوەدایە"
چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە و لاوازیی سەركردەكانی گۆڕان لە غیابی نەوشیروان مستەفادا، دەریخست بزووتنەوەی گۆڕان لە پووكانەوەی تەواوەتیدایە و دەڵێن ئەگەر گۆڕان ئینشیقاقیشی تێ نەكەوێت، هەڵبژاردنێكی تر لە پێنج كورسیی پەرلەمان زیاتر بە دەست ناهێنێت.

عەبد ئەمین مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، ڕای دەگەیەنێت كە "گۆڕان بە بێهەڵوێستی لە ڕابردوویدا و نەبوونی ناوەندێكی بڕیار و ناڕوونی لە داهات و سیاسەتی گشتیدا، وای كرد ئەو ئەنجامە بە دەست بهێنێت".

ئەو بۆ "وشە" گوتی، "ئەو ئەنجامەی گۆڕان تەنانەت بۆ سەركردەكانی خۆشیان جێی شۆك نەبوو، دەیانزانی وایان لێ دێت، هێزێك كە خۆی بزانێ هەڵەكانی چین و چاكیان نەكات و بشزانێت زیانی گەورەیان لەسەر دەكات، ئەوا ئایندەی لە ئێستە زۆر خراپتر دەبێت."

تا ئێستە بزووتنەوەی گۆڕان كە ئەنجامە سەرەتایییەكانی هەڵبژاردن دەركەوتوون، هیچ كاردانەوەیەكی نییە و بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، فشارەكان بۆ دداننان بە هەڵە و بەرپرسیارێتی هەڵگرتن و دەست لەكاركێشانەوەی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی زۆر فراوانن.

"گۆڕان لە بێ منەتیدا سەیری پارتی و یەكێتی كرد، ئەوان جەماوەری جێگیر و شەهید و هەزاران هێزی تەناهییان هەیە، دەنگ هەر دێنن، بەڵام دەنگدەری گۆڕان خەڵكی بێ بەرژەوەندین و بەو جۆرەش وەڵامی بێ بەڵێنی و بێ منەتیی گۆڕانیان دایەوە." چاودێرە سیاسییەكە وای گوت.

رۆژانی بەر لە هەڵبژاردن، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتیی گۆڕان لە دیمانەیەكی میدیای حزبەكەیدا رای گەیاند، دوای هەڵبژاردن بزووتنەوەكەی دەست بە گۆڕانكاری و كۆنفرانسی ناوخۆیی و كۆنگرە دەكات.



وشە - تایبه‌ت