لە بەسڕە لیستی كوشتنی چالاكوانان بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:01:39:09/10/2018 ‌
دوای كوژرانی دەیان چالاكوان و كەسایەتی ناسراو، لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنرێت و بەگوێرەی زانیارییەكانیش بێت لیژنەكە دەستی بە لیستێك لە چالاكانی مەدەنی گەیشتووە كە بڕیاری كوژرانیان لەلایەن گروپێكی چەكداری نەناسراوەوە لەسەر دراوە. حەیدەر عەبادیش رای دەگەیەنێت ئەو گروپە چەكدارە لەسەر هەر هێزێكی سیاسی یەكلا ببێتەوە ئەوا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكات.

دوا بەدوای زیاد بوونی حالەتی كوشتنی چالاكوانان و نزیك بوونەوەی لە دیاردە، لیژنەیەك لە گروپێكی هەواڵگری بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆكارەكانی، هەفتەی رابردوو گەیشتنە بەسڕە، دوای لێكۆڵینەوە بەوە گەیشتوون كە زانیارییەكان پشتڕاستی ئەوە دەكەنەوە كە لیستێك لە ناوی كەسانی چالاكی مەدەنی ئامادە كراوە كە بە لیستی كوشتن و لەناوبردن ناسراوە، كە ئەو چالاكانە سەركردایەتی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە دەكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی دەزگا تەناهییەكان بڵاویان كردووەتەوە، لیستەكەیان لە چەكدارە میلیشیاكان دەستكەوتووە كە پێوەندیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان هەیە، بڕیاری ئەوەیان پێدراوە سەرەتا ئەو كەسانە بكوژن و لەناو ببەن كە كێشەی عەشایەرییان هەیە بۆ ئەوەی دۆسییەكەیان تێكەڵ بە كێشەی نێوان عەشیرەتەكانی ناو بەسڕە بكرێت و وەها بڵاو ببێتەوە كە ئەمە تۆڵە سەندنەوەی عەشیرەتییە.
  
بڵاوبوونەوەی ئەو لیستە لە كاتێكدایە لە هەشتی تەمووزی رابردوو، تا ئێستە خۆپێشاندان لە بەسڕە بەردەوامی هەیە بە هۆی بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، كە بەهۆیەوە بارەگای تەواوی حزب و گروپە میلیشیاكان و كونسڵخانەی ئێرانیش لە شارەكە سووتێنران، ئەمە جگە لە زیان گەیاندن بە فەرمانگەكانی حكوومەت.

كوشتنی چالاكان و تێوەگلاندنی كەیسەكانیان بە تۆڵەسەندنەوەی عەشیرەتی، لە كاتێكدایە لە دوای 2003ەوە تا ئێستە پرسی ململانێی عەشیرەتی لەنێوان عەشیرەتەكانی ناو بەسڕە هەیە، زۆر جاریش بە چەكی سووك و مامناوەند و قوریش لەیەك دەدەن، كە بەگوێرەی بەدواداچوونەكان بەشی زۆری كێشەكان ناكۆكییەكی زۆر سادە بووە، لەوانە پرسی هاوسەرگیری و تەڵاق یان ئۆتۆمبێل.
 
ئەو لیژنەیەی سەردانی بەسڕەی كردووە، دەڵێ ئەو گروپە چەكدارەی تێوەگلاوە لە كوشتنی چالاكانی مەدەنی شارەكە، هەوڵدەدەن دۆسیەكان تێكەڵ بكەن، لەوانە كوشتنی ژنانی چالاك بەناوی "لەناوبردنی ئەخڵاقی" بۆ شێواندنی رای گشتی و شوێنبزر كردنی ئامانجی سەرەكی.

بەگوێرەی زانیارییەكانی فەرمانگەی تەندروستی بەسڕە، لە سەرتای خۆپێشاندانەكانی ئەو شارە تا رۆژی هەشتی ئەیلولی رابردوو، 15 كەس كوژراون و 190یش زامدار بوونە.

هاوكات دوای كپ بوونەوەی و دامركانەوەی خۆپێشاندانەكان بە تایبەت دوای سووتانی كونسڵخانەی ئێران، لە 26ی ئەیلولی رابردوو سوعاد ئەلعلی ژنە چالاكی مەدەنی لە 26ی ئەیلول/ سێپتێمبەر لە ناوچەی عەباسییە كە بەناوبانگترین ناوچەی بازرگانییە لە بەسڕە كوژرا.

جگە لە سوعاد، لە ماوەی 26ی ئاب/ ئۆگستس تا 29ی ئەیلول/ سێپتێمبەر،  چوار ژنە چالاك كوژراون،  ئەمە جگە لە كوژرانی چالاكانی تر.

كوژرانی چالاكانی مەدەنی بەتایبەت دوای ئەوە دێت كونسڵخانەی ئێران لە بەسڕە وێنەی چەند چالاكێكی شارەكەی بڵاو كردەوە كە لەگەڵ كونسڵگەری ئەمەریكی لە شارەكە كۆ ببوونەوە، میدیاكانی ئێرانیش لەسەر وێنەكە دەڵێن ئەوانە لە پشتەوەی رووداوەكانی بەسڕەن كە كونسڵخانەی ئەمەریكا دەیان جولێنن.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواو بوو، لە كۆتایی مانگی ئەیلولی رابردوو بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی راگەیاند بۆ لێكۆڵینەوە لە ئۆپراسیۆنەكانی رفاندن و كوشتنی چالاكانی مەدەنی لە بەسڕە و بەغدا.

بەگوێرەی سەرچاوەكان، دوای دەركەوتنی هۆكاری كوژررانی ئەو چالاكانە و ئاشكرا بوونی لیستی ناوی ئەو كەسانەی كە دەبێت بكوژرێن، بڕیارە حكوومەتی عێراق رێكار و رێوشوێنی تەناهی لە بەسڕە بگرێتە دەست، بۆ ئەمەش فەریق قاسم نزال مالیكی كردووە بە سەركردەی ئۆپراسیۆنەكانی بەسڕە و، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە عەبادی بڕیاری سزادانی ئەو لایەنە سیاسییەی داوە كە تێوەگلاوە لە كوژرانی چالاكانی مەدەنی.
 
هاوكات قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ رۆژی یەكشەمی رابردوو هەڵمەتی "جەعفەر ئەلدوری" راگەیاند، كە بەناوی ئەو مناڵە كراوە كە چەند رۆژێك پێش ئێستە لە بەغدا دەستدرێژی سێكسی كرایە سەر و پاشان كوشتیان.

ئەعرەجی لە میانی راگەیاندنی هەڵمەتەكە رای گەیاند تاوانی كوشتنەكانی ئەمدواییە كە لە بەغدا و پارێزگاكانی تر روویانداوە، بەتایبەت هی تارا فارس، گروپی توندڕۆ لە پشت رووداوەكان هەن.

هاوكات فەریق رەشید فەلیح بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسڕە رای گەیاند بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە دەستیان كەوتووە لەو كەسانەی تۆمەتبار كراون و گیردراون لەسەر كوشتنی سوعاد ئەلعلی چالاكی مەدەنی و یاریدەدەری پزیشكی لە كۆتاییەكانی مانگی ئەیلولی رابردوو، دووپاتی دەكاتەوە كە كێشەیەكی عەشیرەتی لە پشت كوشتنەكەیەتی

گوتی "لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ زانینی ئەو لایەنەی لە پشت كوژرانی سوعادن".

ئەمین وەهب سەرۆكی لیستی حكمە لە ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە رای گەیاند ئۆپراسیۆنی كوشتن و لەناوبردنی چالاكانی مەدەنی بەردەوامی هەیە و رۆژی دووشەمی رابردووش دوو گەنج لە دۆخێكی تەمومژاویدا كوژراون.

جێی باسە دوای سووتاندنی كونسڵخانەی ئێران لە بەسڕە، تا ئێستە هەڵمەتی گرتنی چالاكانی مەدەنی بەردەوامی هەیە و تا ئێستە 35یان گیردراون كە زۆرینەیان ئازاد كراون جگە لە 12 كەسیان نەبێت كە تۆمەتبار كراون بە ئەنجامدانی كردەی گێرەشێوێنی.

سەمیر ملیكی یەكێك لە دەستەی سەرپەرشتیارانی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە دەڵێ بە گوێرەی زانیارییەكانی دەستیان كەوتووە، لیستێك ناوی چالاكانی مەدەنی بەسڕە بەدەست میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران و حزبەكان ئاشكرا بووە، كە كراونەتە ئامانج بۆ كوشتنیان.



وشە - فه‌رمان سادق