نۆ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی ئەردەلان بەكر تێدەپەڕێت

:: AM:09:37:10/10/2018 ‌
هونەرمەندی شاری هەولێر ئەردەلان بەكر، نۆ ساڵ لەمەوبەر لە سوید كۆچی دوایی كرد، دوای هێنانەوەی تەرمەكەی و بردنی بۆ سەر قەڵای هەولێر لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاك هاتە سپاردن، هۆكاری مردنەكەشی بریتی بوو لە تووشبوونی بەنەخۆشیی شێرپەنجە.

ئەردەلان بەكر لە ساڵی ١٩٦٧ لە گەڕەكی خانەقای شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لەناو بنەماڵەیەكی كورد لە دایك بووە و لە سەردەمی تەمەنی لاویدا پێوەندی بە ریزەكانی شۆڕشی ئازادیخوازی كوردستان دەكات و دەبێتە پێشمەرگە، ماوەی چەند ساڵێك لە ریزی پێشمەرگەدا خەبات دەكات، پاشان دەست دەكات بەكاری هونەری و گۆرانیگوتن.

 ئەردەڵان خاوەنی چەندان بەرهەمی گۆرانی ناوازە و جوانە، لە سەرەتای ساڵی (١٩٩١) لە دوایی راپەڕینە مەزنەكەی كوردستان، لەگەڵ كۆڕەوە جەماوەرییەكەی 31 ئاداری ئەو ساڵە كوردستانی بەجێ هێشت و رووی كردە دەرەوەی وڵات، پاش ماوەیەك لە سوید گیرسایەوە، ئەردەلان شانبەشانی دەستەیەكی دیار و بەرچاو لە هونەرمەندانی گۆرانیبێژی كورد لە سوید، درێژەی بە كارە هونەرییەكانی دا و توانی پێنج ئەلبوومی گۆرانی بەرهەم بهێنێت.

بەرهەمەكانی ئەردەلان كە پێك هاتبوون لە (كچی گاور ١٩٩٧، بەینۆ بەینۆ ١٩٩٨، هەورامان ٢٠٠٠، زۆر دەترسم ٢٠٠٣، خەونێك بوو ٢٠٠٧) كە دوایین ئەلبوومی بوو، جگە لەوانەش بەشداری چەندان ئاهەنگ و بۆنەی جیاجیا كردووە لە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی لە جەژنی نەورۆز و بۆنە تایبەتەكان بۆ رەوەندی كورد لە تاراوگە.

ئەردەلان بەكر لە نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن كۆمپانیای كۆڕەك موزیك بۆ یەكەمین جار دوای ئەوەندە ساڵە گەڕایەوە بۆ كوردستان و چەند ئاهەنگێكی لە شاری هەولێر ساز كرد.

ئەو هونەرمەندە لە رێكەوتی١٠/١٠/٢٠٠٩  بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی كارۆلینسكای ستۆكهۆڵم دڵی لە لێدان كەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد، تەرمەكەی هێنرایەوە كوردستان و لە ڕێوڕەسمێكدا لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاك هاتە سپاردن.



وشە - رامیار جەواد