گریزمان: دەبێت سەردەمی میسی و رۆناڵدۆ كۆتایی پێ بێت

:: AM:10:27:10/10/2018 ‌

ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی و هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە دەبێت باڵادەستی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی لە خەڵاتی تۆپی زێڕین (باڵۆن دۆڕ) وەك باشترین یاریزانی جیهان كۆتایی پێ بهێنرێ.

گریزمان بە كۆواری (فڕانس فوتباڵ)ی فڕەنسی رایگەیاند: ئاواتەخوازم خەڵاتی باڵۆن دۆڕی ئەمساڵ بۆ یاریزانێكی فڕەنسی بێت جا من بم یان مباپێ یان ڤاران یان كانتی یانیش ئۆمتیتی.

زیاتر گوتی: لای خۆم بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆڕ خەونە و رووداوێكی مێژوویی گەورەشە، حەزیش دەكەم ئەمساڵ خەڵاتەكە بۆ یاریزانێكی فڕەنسی بێت.

گریزمان هەروەها رایگەیاند: پێویستە باشترین یاریزانی جیهان لەنێو باشترین هەڵبژاردەی جیهان بێت، ئەگەریش من خەڵاتەكە ببەمەوە بەم خەونە دەگەم كە هەر لە منداڵییەوە بۆی پەرۆشم.

سەبارەت بە بەراوردكردنی لەگەڵ میسی و رۆناڵدۆ، گریزمان رایگەیاند: ناتوانم خۆم لەگەڵ ئەوان بەراورد بكەم، چونكە ئەوان بەڕاستی ئەفسانەی تۆپی پێن، بەڵام دەبێت سەردەمی پاوانكردنی ئەوان بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆڕا لەم ساڵەوە كۆتایی پێ بهێنرێ.

جێی باسە گریزمان یەكێكە لە 30 پاڵێوراوەكەی كۆواری فڕانس فوتباڵ بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2018 دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا جامی جیهانی 2018ی رووسیای بەدەستهێنا، هەروەها لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیش جامی خولی ئەوروپا و جامی سوپەری ئەوروپای بردەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م