"میسی جامی جیهانی هەر دەباتەوە"

:: AM:10:54:10/10/2018 ‌

راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رایگەیاند كە دڵنیایە لیۆنێل میسی باشترین یاریزانی جیهان رۆژێك دێت جامی جیهان هەر دەباتەوە.

خۆرخێ سامپاولی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی رایگەیاند: راهێنەرایەتیكردنی میسی كارێكی نموونەییە بەتایبەتیش لەو كاتەی كە دەیبینی لەنێو یاریگە زۆر گوێڕایەڵە، لیۆ هەمیشە زۆر دڵگران دەبێت كاتێك ناتوانێ سەركەوتن بەدەستبێنێ، ئەو باشترین یاریزانەی جیهان زۆر پابەند بوو بە رێنمایی و پلانەكان لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی.

زیاتر گوتی: راهێنەرایەتیكردنی هەڵبژاردەیەك كە باشترینی جیهان بێت وا دەكات هەموو هەوڵێك بدەیت بۆ سەركەوتن، هەندێجار ئامانجەكەت دەپێكی و سەركەوتن بەدەستدێنی، بەڵام هەندێ جاری تر نا، راستییەكەی بە بوونی میسی لە تیپەكەتدا هیچ كاتێك هەڵە ناكەیت و زۆربەی جار دەگەی بەسەركەوتن.

راهێنەرەكەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جەختیشی كردەوە كە دڵنیایە میسی دەتوانێ لەگەڵ هەڵبژاردەكەی مۆندیالی 2022ی وڵاتی قەتەڕ بباتەوە، بەڵام بۆ ئەم كارە دەبێت هەندێ گۆڕانكاری لە ریزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بكرێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م