کۆترەکان دەتوانن ئاژەڵ و باڵندە لەناوچووەکان زیندوو بکەنەوە

:: PM:01:18:10/10/2018 ‌
لەوانەیە کۆترەکانی ئوستڕالیا لە کۆترێکی ئاسایی بچن، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، ئەو جۆرە کۆترانە دەکرێ کلیلی هێنانەوە و زیندووکردنەوەی ئاژەڵ و باڵندەی لەناوچوو بن هەر لە کۆترە کێوییەکانەوە بۆ مامووسە زەبەلاحەکان.

کۆترەکانی شاری مێلبۆرنی ئوسترالیا یەکەمین جۆری باڵنده‌ن لە مێژوودا کە سیستەمێکی زاوزێی وایان هەبێت جینی بۆماوەیی "کاس ناین" لەخۆ بگرێت، ئەو جینەی پێکهاتەی سەرەکییە لە کرداری گۆڕینی جینە بۆماوەییەکان. 

ئەمەش ڕێ بە زانایان دەدات تا بتوانن "دی ئێن ئەی"ـی وەچەکانی ئەم جۆرە کۆترە بگۆڕن بە شێوازێک وەک "دی ئێن ئەی"ی کۆترە کێوییە لەناوچووەکان، ئەمەش بۆ یەکەمین جارە جینەکانی گیانداران گۆڕانکاری پێ کرابێت بە تایبەتمەندییەکانی جۆرێک لە گیاندارانی تر کە لەناچوون و چیتر لە ژیاندا نەماون، ئەمەش ڕێ خۆشکەرە بۆ چوونه‌ ناو قۆناغی سەرەتای بنەڕەتیی لەبواری تاقیکردنەوەکانی "دژە لەناوچوون".

کۆترە کێوییە لەناوچووەکان "پاسنجەر پیجن"، لەپاڵ هەموو گیاندارە لەناوچووەکانی تر، دەکرێ دووبارە بگەڕێنرێنەوە بۆ ژیان. کۆترە کێوییەکان  لە ساڵی ١٩١٤ جۆرەکەیان لەناچوو بەهۆی مردنی دوا کۆتری ئەو جۆرە لە باخچەیەکی ئاژەڵان، زاناکان هۆکاری لەناوچوونەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە لەوانەیە ئەو جۆرە لە کۆتر لەگەڵ ژمارەیەکی کەمیان ڕانەهاتبن، دوای ئەوەی بەهۆی ڕاوکردنەوە ژمارەیان لە کەمی کرد، بەمەش نەیانتوانی خۆیان لەگەڵ ژمارە کەمەکەیان بگونجێنن و لەناوچوون.

وشە/ محەمەد شابان



وشە - باز ئه‌حمه‌د