دەنگۆی ژەهرخواردكردنی دانیشتووانی گوندێكی كوردستان بڵاوبووەوە

:: PM:01:26:10/10/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی یەكێك لە شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە دەدات لەسەر دەنگۆی ژەهراوكردنی دانیشتووانی گوندێك.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تشرینی یەكەم، شۆڕش ئیسماعیل بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ تیمێكمان دروست كردووە لە پزیشكانی تەندروستی بۆ سەردانی گوندی مەمكانی سنوورەكەمان.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی گوتی، ئێستە ئێمە نازانین ڕووداوی نەخۆشكەوتنی بەكۆمەڵی دانیشتووانی ئەو گوندە چییە، بەڵام لێكۆڵینەوە دەستی پێ‌ كردووە و دوای لێكۆڵینەوەكان بێگومان هۆكارەكەی ئاشكرا دەكەین.

لەبارەی ژەهراوكردنیان كە دەنگۆیەكی زۆر لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەیە ئەو ئەفسەرەی پۆلیس ئاشكرای كرد، چاوەڕوانی تیمەكانی تەندروستین تا لێكۆڵینەوەكانیان ئاشكرا بكەن بزانین ئایە ژەهراوی كراون یان نەخۆشییە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە دانیشتووانی گوندی مەمكان كە پێشتر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی تێیدا هەبوو و چەندان كەس كوژران، بە كۆمەڵ بۆ نەخۆشخانە دەبرێن و تا ئێستە دوو كەس بەهۆی ئەو نەخۆشییە نادیارەی ڕووی لە گوندەكە كردووە، مردوون، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی باس لەوە دەكرێ، ئاوی گوندەكە لەلایەن یەكێك لەو دوو خانەوادەیەی بەشەڕهاتوون ژەهراوی كراوە، بۆیە خەڵكەكە سەرجەمیان تووشی گرفتی تەندروستی بوونەتەوە.

گوندی مەمكان سەر بە شارۆكەی حاجیاوەی دەڤەڕی ڕاپەڕینە، چەند مانگێك پێش ئێستە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی چەندان كەس كوژران كە كێشەكە بۆ چەند ساڵێك بەر لە ئێستە دەگەڕایەوە.



وشە - رامیار جەواد