وێنە.. دروستكردنی مێوژ

:: PM:02:07:10/10/2018 ‌
بەهۆی بۆردمانی بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، بەشێكی زۆری مێوژی ئەمساڵی ناوچەی شیلادزێ‌ ماوەتەوە و نەفرۆشراوە.

عیسمەت حاجی هاووڵاتییەكی دەڤەری شێلادزێ سەر بە شارۆكەی ئامێدییە و خەریكی دروستكردنی مێوژە بە "وشە"ـی راگەیاند، ماوەی هەفتەیەك خەریكی دروستكردنی مێوژم لە گوندی (پێپەرخا)ـی سەر بە دەڤەری نێروە و رێكان.

ئەو هاووڵاتییە گوتی، خۆم تا ئێستە 300 كیلۆی مێوژم بەرهەم هێناوە و خاوەن ڕەز و باخەكانی تریش وەك من مێوژ دروست دەكەن، بەڵام بەهۆی مەترسی بۆردمانی بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 95% ترێ ناوچەكە لەناو چووە و كەس ناتوانێ بچێتە ناو رەزەكەی بۆ لێكردنەوەی ترێ و بەكارهێنانی بۆ مێوژ و دۆشاو.

هەرمان عەلی جووتیارێكی تری ناوچەكەیە و ئەمساڵ رێژەیەكی زۆری مێوژی دروست كردووە، ئەو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دروستكردنی مێوژ یان دۆشاوی ترێ، پێویستی بە شارەزایەكی باش هەیە و ئێمە  رۆژانە دەچینە ناو رەزەكانمان و ترێ دەكەینە مێوژ، ئەو كەسانەی كە تا ئێستە مێوژیان دروست نەكردووە، پێویستە لەو ڕۆژانەدا دروستی بكەن ئەگەر نا ترێ نابێتە مێوژ، چونكە گەرما كۆتایی هات و تیشكی خۆر گەرمی نامێنێت.

ئاشكرای كرد، ئەگەر بۆردمانی فڕۆكەكان بوەستێت، ئەوا خەڵكی ناوچەكە هەمووان دەگەڕێنەوە سەر گوندەكانیان و دەست بە كشتوكاڵ و رەزگەری دەكەن و لەو رێیەوە داهاتێكی باش بۆ خۆیان پەیدا دەكەن.

لە دەڤەری نێروە و رێكان 102 گوند هەیە، بەڵام سەرجەم گوندەكان بەهۆی شەڕی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا چۆڵ كراون، خەڵكی ناوچەكە لە وەرزە  جیاوازەكان لە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر سەردانی گوندەكانیان دەكەن بۆ لێكردنەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری









وشە - رامیار جەواد