نیویۆرك تایمز پەردە لەسەر تیرۆركردنی خاشقچی لە لایەن سعوودیە لادەدات

:: PM:04:03:10/10/2018 ‌


رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی بە پشتبەستن بە كۆمەڵێك سەرچاوە و بەڵگەی جیاواز ئاشكرای دەكات، تیمێكی 15 كەسی كە لە لایەن بەرپرسانی باڵای سعوودیەوە بۆ توركیا هاتوونەتە ناردن و ئەركی ئەوەیان پێ سپێراوە هەر كاتێك جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی رەخنەگری سعوودیە گەیشتە كونسوڵخانە، تیرۆری بكەن.

هەشت رۆژ لەمەوبەر دوای ئەوەی رۆژنامەنووسەكە گەیشتە كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ، دیار نامێنێت و تا ئێستەش ئەو رۆژنامەنووسە بێسەروشوێنە و گومانی ئەوەی لێ دەكرێت لە ژیاندا نەمابێت.

ئەو رۆژنامەنووسە ناسراوە كە بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست وتاری دەنووسی، بۆیە سەردانی كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵی كرد بۆ ئەوەی بەڵگەنامەیەكی فەرمی بۆ مەبەستی هاوسەرگیری وەربگرێت.

رۆژنامەنووسەكە تەنیا خۆی چووەتە ناو كونسوڵخانە و دەزگیرانەكەی لە دەرەوە چاوەڕوانی ئەوی كردووە هەر كاتێك كارەكانی رایی كرد بەیەكەوە دەربچن، بەڵام هەرگیز دەزگیرانەكەی نەبینییەوە.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز پێی وایە لەگەڵ ئەو تیمە 15 كەسییەی هاتوونەتە ئیستانبوڵ تا جەمال بكوژن، پزیشكێكی پسپۆڕی ئێسكیش هەیە كە ئەركەكەی ئەوە بووە دوای كوشتنی جەمال خاشفچی پارچەپارچەی بكات.

راپۆرتەكە پشتی بە زانیارییەكانی بەرپرسانی توركیا بەستووە و نووسیویەتی، تیمەكە دوای هاتنەژوورەوەی جەمال خاشقچی دوو سەعاتیان پێ چووە تا كوشتوویانە و لە شوێنی رووداوەكە دوور كەوتوونەتەوە و تیمەكەش دوای دەرچوون لە كونسوڵخانە هەر كامێكیان بەرەو وڵاتێكی جیاواز گەشتیان كردووە.

بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا ئەم رووداوەی بە فیلمەكانی هۆڵیوود وێنا كردووە. ئەو تیرۆركردنە هۆكار بووە لەوەی ئەمەریكا و توركیا و چەندان وڵاتی تر داوای لێپرسینەوە لە پاشای سعوودیە بكەن.

سعوودیە تۆمەتەكەی رەت كردووەتەوە و گوتوویەتی ئەو رۆژنامەنووسە بە خێرایی لە كونسوڵخانە دوور كەوتووەتەوە و ئاگایان لێی نییە. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا داوای بەڵگەی لە ریاز كردووە.

رۆژنامەی سەباحی چاپی توركیا دوێنێ سێشەم ناوی هەر 15 كەسی ئاشكرا كردووە كە لەو رۆژەی تاوانەكە كراوە هاتوونەتە فڕۆكەخانەی ئاتاتوركی توركیا و دواتر لە چوار كاتی جیاوازدا ئیستانبوڵیان جێهیشتووە.

كەناڵی ئێن تیڤی توركیاش وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە تایبەتییەی بڵاو كردووەتەوە كە دەچێتە كونسوڵخانەی توركیا و هەندێك میدیای تری توركیاش باسیان لەوە كردووە لە نێو تیمەكە ژمارەیەك ئەندامی هەواڵگری سعوودیە هەن.

جەمال خاشقچی كە پێشتر راوێژكاری حكوومەتی سعوودیە بوو، ساڵی رابردوو رەخنەی لە سیاسەتەكانی سعوودیە گرت و دواتر لە ترسی ئەوەی نەگیرێت بەرەو ئەمەریكا كۆچی كرد. ئەو یەكێك بوو لە دژبەرانی جەنگی یەمەن و پێی وابوو ئەم جەنگە لە بەرژەوەندی سعوودیەدا نییە.

ئەو یەكێكە لە رەخنەگرە توندەكانی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی پاشای سعوودیە و هەوڵە چاكسازییەكانی محەمەد بن سەلمانی بە بێ بایەخ هەژمار كردبوو و گوتبووی، سعوودیە دەگەڕێنێتەوە سەردەمی ترس و تۆقاندن و رەشەكوژی. محەمەد بن سەلمان لەو كاتەوە دەستی بە چاكسازی كردووە، كۆمەڵێك هەنگاوی جیاوازی ناوە و لە گرنگترین هەنگاوەكانی ئەوەبوو كاتێك بە دەیان شازادەی سعوودیەی لە هوتێلێكدا دەستبەسەر كرد و دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەوەی گەندەڵییان كردووە و سامانی وڵاتیان بە فیڕۆ داوە، لە بەرانبەر وەرگرتنی 100 ملیار دۆلار ئازاد كران.

محەمەد بن سەلمان یەكێك لەو شازادانەی سعوودیە كە بەرانبەر بە ئێرانیش توندە و ویستوویەتی بە تەواوی بەرانبەر بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەكە بوەستێت.

 بەگوێرەی "رادیۆفەردا" باب كۆرگەر سێناتۆری كۆماریخوازی ئەمەریكاش نووسیبووی لەگەڵ باڵوێزی سعوودیە قسەی كردووە و داوای روونكردنەوەی لێ كردووە و هەر وڵاتێك رۆژنامەنووسان بكاتە ئامانج، ئەوا ئەمەریكا هەڵویستی لە بەرانبەریدا دەبێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا كە باس لە ئەگەری تیرۆركردنی ئەو رۆژنامەنووسە لە لایەن سعوودیەوە دەكرێت تا ئاستێك پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و سعوودیە سست بووە.

لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمەریكا زیاتر لە هەر وڵاتێكی تر پێوەندی گەرموگوڕی لەگەڵ سعوودیە هەیە و جگە لە پێوەندی گەرمی سیاسی، ساڵانە بایی سەدان ملیار دۆلاریش چەك و پێداویستی سەربازی بە سعوودیە دەفرۆشێت و لەم دواییانەش داوای لە سعوودیە كردووە هەناردەی نەوتەكەی بەرز بكاتەوە بۆ ئەوەی دوای دەستپێكردنی سزاكانی سەر ئێران، بتوانێ هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێنێتەوە.

بە پێچەوانەی ئەمەریكا، پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ سعوودیە پێشتریش زۆر گەرم نەبوو و لەو كێشانەی لە نێوان سعوودیە و قەتەر هاتنە كایەوە، توركیا پاڵپشتی لە قەتەر كرد و تەنانەت هەوڵی دا پێداویستییەكانی ئەو وڵاتە پڕ بكاتەوە و چیتر پشت بە بەرهەمەكانی سعوودیە نەبەستێت.



 




وشە - سلێمان تاشان