وەزارەتی دارایی عێراق بودجەی 2019 بە 128 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنێت

:: PM:10:11:10/10/2018 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای دەكات كە وەزارەتی دارایی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراقی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بەمەبەستی پەسندكردنی و دووپاتی كردەوە كە بڕی بودجەكە زیاتر لە 128 ترلیۆن دینارە و بڕی كورتهێنانیش زیاتر لە 22 ترلیۆن دینارە.

ئەحمەد حاجی رەشید لەو بارەوە دەڵێت، لە پڕۆژەیاساكەی وەزارەتی دارایی پشكی هەرێمی كوردستان 12.67% دیاری كراوە و دەبوایە پڕۆژەكە لە هەشتی ئەم مانگە رەوانەی پەرلەمان بكرایە.

زیاتر گوتی، داهاتی دەستكەوتوو بەپێی پڕۆژەیاساكە دەگاتە زیاتر لە 105 ترلیۆن دینار، لەو كاتەی كۆی خەرجییەكان دەگاتە زیاتر لە 128 ترلیۆن دینار، هەروەها رێژەی كورتهێنان لەو بودجە بە زیاتر لە 22 ترلیۆن دینار پێشبینی كراوە و بودجەی بەكارخستن زیاتر لە 95 ترلیۆن دینارە و بودجەی وەبەرهێنانیش زیاتر لە 32 ترلیۆن دینارە. 

رەشید روونی كردەوە كە لەو پڕۆژەیەدا زیاتر لە 46 ترلیۆن دینار بۆ بودجەی سیادی تەرخان كراوە و ترلیۆنێكیش بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان و ترلیۆنێكی تر بۆ پترۆدۆلار، هەرچی بۆ هەرێمی كوردستانە زیاتر لە هەشت ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە بە رێژەی 12.67%ی بودجەی عێراق.

ئاماژەی كرد، زیاتر لە 126 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان دانراوە و بودجەی وەبەرهێنانی تایبەت بە هەرێم زیاتر لە 102 ملیار دینارە، بۆیە كۆی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2019 تەرخان كراوە نزیكەی نۆ ترلیۆن دینارە.
 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل