خاتوونە نمایشكار "دالیا فەخری كەریم" كە لە دایكێكی كورد و باوكێكی عەرەب لە ساڵی 1989 لە بەغدا لە دایك بووە و لە ساڵی 1997 هاتوونەتە هەولێر. لەم دیمانەیەی "وشە"دا رای دەگەیەنێت كە هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری مۆدێل بووە. هاوكات دەڵێ "بۆ داهاتوو خەون بە بەشداریكردن لە فیلمە سینەمایییەكانی هۆڵیوود دەبینم".
حەز و خولیای تەمەنی منداڵیت چی بوون؟
لە منداڵییەوە دوو حەز و ئارەزووم هەبوو، حەزێكم ئەوە بووە ببم بە مۆدێلیست، توانیم ئەو حەزەم بهێنمە دی. هەروەها حەزی دووەمم ئەوە بوو ببم بە یاریزانی باسكت بۆڵ، سوپاس بۆ خوا توانیم ئەو حەزەشم بەدەست بێنم و ماوەی شەش ساڵ یاریزانی یانەی گارە بووم، بەڵام بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی یانەكە و هەندێك كۆسپی تر كە هاتە پێشم، وازم لەو یارییە هێنا.
بۆ یەكەم جار كەی دەستت بە هونەری نمایشكاری كرد و تا ئێستە چەند جار بەشداریت كردووە؟
بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2001 بەشداری نمایشێكم كرد كە بریتی بوو لە جلوبەرگەكانی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان و جۆرەكانی خشڵ. هەروەها لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان لە هەولێر بۆ دووەم جار بەشداریم لەم هونەرەدا كرد و توانیم بەسەركەوتوویی نمایشەكانم بكەم.
بوون بە نمایشكار تا چەند پێویستە لە ڕووی ئەكادیمییەوە فێری بیت؟
ئێمە لە وڵاتێكداین ئەوەی گرنگی پێ نەدرابێت لە ڕووی ئەكادیمییەوە، هونەرە، بۆیە ئەوەی حەز و خولیای هونەری هەبێت، دەبێت چاو لە دەرەوە بكات یا لە فیلم و پرۆگرامەكانی تیڤییەوە سوود وەربگرێت و پەرە بەخۆی بدات و خۆی فێری ئەم هونەرە بكات، منیش تەنیا لە ڕێی پرۆگرام و كەناڵەكانی تایبەت بە نمایش خۆم فێری هونەرەكە كرد و زانیاریم لەبارەیەوە وەرگرت.
مەرج و تایبەتمەندییەكانی مۆدێلیست یان بوون بە نمایشكار چین؟
یەكەم مەرج ئەوەیە دەبێ كەسێكی بوێر بیت و گوێ بە قسەی كۆمەڵگە نەدەیت و ئەو كۆسپانەی دێنە بەردەمت بەسەركەوتوویی تێیان پەڕێنیت. هەروەها نمایشكار پێویستە كەسێكی ڕەوشتبەرز بێت. هاوكات باڵابەرزی و شارەزایی لە هونەرەكە یەكێكی ترە لە مەرجەكانی بوون بە نمایشكار.
جگە لە كاری نمایشكاری، ڕۆژانە بە چ كارێكی ترەوە سەرقاڵی؟
پێشتر بە كاری ژمێریارییەوە سەرقاڵ بووم، بەڵام ئێستە بەهۆی كاری نمایشی جلوبەرگ و ڕێكلام وازم لە كارەكەی پێشووم هێناوە، چونكە ئامانجم ئەوەیە گرنگی زۆر زیاتر بە هونەرەكەم بدەم و خۆم زیاتر پێش بخەم.
لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان كە بەشداریت كرد، تا چەند توانیت ببی بە جێی سەرنجی ئامادەبووان و تا چەند لە كارەكانت ڕازی بوون؟
بە دڵنیایییەوە لەڕێی ئەم نمایشەوە چەندان كاری ترم بۆ ڕێك خرا و لە زۆر جێ داوایان كردم بۆ كاری مۆدێل و ڕێكلام، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە لەم نمایشەدا توانیم ببم بە جێی سەرنجی ئامادەبووان. هەروەها هیچ كارێكیش 100% ناتوانێ ڕەزامەندی كەسەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام سوپاس بۆ خوا توانیم زاڵ بم و كارێكی باش ئەنجام بدەم.
هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان لەگەڵ ئەوەی یەكەم جار بوو لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ساز بكرێت، ئێوەی نمایشكارەكان هیچ ڕەخنەیەكتان هەبوو؟
هەر كارێك ئەنجام بدرێت هەر دەبێ ڕەخنەی لەسەر بگیرێ، بەڵام ئەو كارەی كە لە هەولێر ئەنجام درا، یەكەم جار بوو لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، بۆیە دەبێ من بڵێم نەخێر وەك خۆم هیچ ڕەخنەیەكم نەبوو، ئەگەر ڕەخنەیەكیشم هەبێت لە دڵی خۆمی هەڵدەگرم، چونكە گرنگ ئەوەبوو ئارەزووەكەم هاتە دی و لەسەر ستەیج توانیم بەرانبەر ئەو هەموو میوانە نمایشەكانم بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەم.
بۆ داهاتوو چ پڕۆژەیەكت دەبێ و خەون بە چییەوە دەبینی؟
بەشداریكردنم لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان سەرەتای دەركەوتنم بوو لە میدیاكان، جارێ پڕۆژەكانی ترم بۆ داهاتوو دیار نین، بەڵام چاوەڕێی پڕۆژەی گەورەتر دەكەم ئەنجام بدرێت و كاری لەسەر دەكەم. هەروەها خەون بەوەوە دەبینم ئارەزووەكانم لە كاری مۆدێلیست و نمایشكاریدا پەرە پێ بدەم و ناوبانگی زیاتر بۆ خۆم بەدەست بهێنم.
لە پاڵ هونەری نمایشكاری، ئامادەی بەشداری لە هونەری سینەما و گۆرانی و شاجوانەكانی كوردستان و عێراق و دنیا بكەی؟
ئەگەر دەرفەتم بۆ بڕەخسێت، بەخۆشحاڵییەوە بەشداری دەكەم و بڕواشم بەخۆم هەیە بتوانم كەسێكی سەركەوتوو بم.
تۆ وەك ژنێك ئامادەی بەشداری هەر فیلمێكی سینەمایی بكەی كە ماچ و هەندێك گرتەی ڕووتی تێدابێت؟
لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر ئەستەمە بتوانی بەشداری دراما یان فیلمێكی سینەمایی بكەیت كە گرتەی ڕووت و هەندێك شتی تری تێدا بێت كە بەلای كۆمەڵگەوە پەسەند نەبێت، بۆیە ئەو جۆرە بەشداریكردنە بۆ من كەمێك سەختە، بەڵام حەزیش بە كاری سینەمایی دەكەم، وەك فیلمە سینەمایییەكانی هۆڵیوود و خەونی پێوە دەبینم.
وشە/ محەمەد جەمال