نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی

:: AM:09:09:11/10/2018 ‌

دوێنێ چوارشەم تا نیوەڕۆ نرخی نەوت بۆ سەرووی 85 دۆلار هەڵكشا، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كرد و ئەو دابەزینەش تا ئێستە بەردەوامە.

ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 81 دۆلار و 76 سەنت دەفرۆشرێت كە نزمترین نرخە لەم مانگەدا تۆمار كرابێت. بەگوێرەی dailyfx هاوكات نرخی نەوتی تەكساس لە سەرووی 75 دۆلارەوە بۆ 72 دۆلار دابەزی.

دابەزینی نرخی نەوت پێوەندی بە رەوینەوەی ئەو نیگەرانییانە هەیە كە لە دوای سزادانی ئێران بۆ سەر بازاڕی نەوت دێتە كایەوە.

ترسی گەورەی ئەمەریكا و وڵاتان ئەوەیە دوای رێگریكردن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران، پێداویستی بازاڕ دابین نەكرێت، بەڵام سعوودیە بە كردەنی خەریكی دابینكردنی ئەو پێداویستییەیە و ئەمەش هۆكار بووە لە دابەزینی نرخی نەوت.

سعوودیە بەڵێنی داوە بەشێكی بەرچاو لە پێداویستی هیندستان بە نەوت دابین بكات و رێ نەدات نەناردنی نەوتی ئێران كێشە دروست بكات.

لە لایەكی ترەوە هەناردەی نەوتی لیبیاش گەیشتەوە یەك ملیۆن بەرمیل كە بۆ هاوسەنگ راگرتنی نرخی نەوت بە گرنگ هەژمار دەكرێت.

ئەمەریكا بڕیاری داوە لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات كە ئەگەر جێگرەوەیەكی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. چاودێرانی بازاڕی نەوت پێشبینی ئەوە دەكەن ئەگەر ئەمەریكا رێ نەدات نەوتی ئێران بفرۆشرێت، ئەوا نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز دەبێتەوە.

بازاڕ گرێ دراوە بە ئاستی خستنەڕوو و داخوازی و هەر كاتێك سەرووی پێداویستی بازاڕ نەوت خرایەروو، ئەوا نرخەكەی دادەبەزێت و كەمبوونەوەی هەناردەش بەرانبەر بە داخوازی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.



وشە - سلێمان تاشان