كۆیە دەبێتە خاوەنی یەكەی تۆماری ئۆتۆمبێلی تایبەت

:: AM:09:28:11/10/2018 ‌
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشان دەدات كە یەكەیەكی تایبەت بە تۆماری ئۆتۆمبێل و گواستنەوەی خاوەنداریەتی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر لە شارۆكەكە بكرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی تشرینی یەكەم، زاهیر محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ وەرگیراوە لەسەركردنەوەی هۆبەی تۆمار (تسجیل) گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە گوتی، دوای هەوڵدانێكی زۆر و لەسەر پێشنیاری ئێمە بەهاوكاری خەڵكی دڵسۆز لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەو مژدە و ئەو دەسكەوتە پێشكەش بە خەڵكی كۆیە و دەوروبەری بێت، چونكە شایەنی ئەو خزمەتەن.

ئاشكرای كرد، لەكاتی تەواوبوونی كارەكان هاووڵاتییان ئاگەدار دەكەینەوە، چونكە ئێستە ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەو مەبەستە.

شارۆكەی كۆیە بەڕێوەبەرایەتییەكی هاتوچۆی لێیە كە تایبەتە بە دەرهێنانی مۆڵەتی لێخوڕین و داواكاری ونبوون و لەگەڵ ناوەندی پشكنینی OPVI بۆ دڵنیابوونەوە لە توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل كە بە هەزەی كۆیە ناسراوە.

شارۆكەی كۆیە دەكەوێتە باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر بە دووری 70 كیلۆمەتر، ژمارەی دانیشتووانی بریتییە لە 119 هەزار و 526 هاووڵاتی و جگە لە سەنتەری شارۆكەكە لە چەند شارەدێیەك پێك دێت.



وشە - رامیار جەواد