هازارد چاوەڕێی یانەی ریال مەدرید دەكات

:: AM:09:32:11/10/2018 ‌

ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی چاوەڕێی ئەوە دەكات بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەفەرمی دەستەوارەیەك پێشكەش بە یانەكەی بكەن بۆ ئەوەی چارەنووسی لەگەڵیاندا یەكلایی بكاتەوە.

رۆژنامەی (تەلیگراف)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: هازارد ئێستا چاوەڕێی یانەی ریال مەدرید دەكات بۆ ئەوەی دەستەوارەیەكی پێشكەش بكەن بۆ گرێبەستكردن لەگەڵیاندا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بەر لەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی چێڵسی نوێ بكاتەوە.

ئەگەر یانەی ریال مەدرید بەفەرمی دەستەوارەكە پێشكەش بە هازارد بكەن، ئەوا ئەستێرەكە راستەوخۆ بە بەرپرسانی یانەی چێڵسی دەڵێت كە ئارەزووی رۆیشتن بۆ خولی ئیسپانیا دەكات و ئەم كارە لەگەڵیان یەكلایی دەكاتەوە.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە هازارد خوازیارە بەرپرسانی یانەكە بە خێرایی بیر لە پێشكەشكردنی دەستەوارەكە بكەنەوە، بە پێچەوانەوە ناچار دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی یانەكەی دەست بە گفتوگۆ بكات بەمەبەستی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی كە ساڵی 2020 كۆتایی دێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پێرێ سێشەم سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كردبوو كە یانەكە ئامادەكاری دەكات بۆ پێشكەشكردنی دەستەوارەیەكی گرانبەها بە بەهای 170 ملیۆن یۆرۆ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هازارد.

جێی باسە هازارد لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا رایگەیاندبوو كە خەونی منداڵی پۆشینی درێسی یانەی ریال مەدرید بووە و تا ئێستاش دوودڵە لە جێهێشتنی یانەی چێڵسی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م