رەوەند هەشتەمین پێشانگەی فۆتۆیی لە ئەڵمانیا دەكاتەوە

:: AM:09:34:11/10/2018 ‌
لە پێوەندییەكدا لەگەڵ رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر رەوەند جواد، ئاماژە دەدات كە بڕیارە لە 14ی ئەم مانگەدا هەشتەمین پێشانگەی تایبەتی فۆتۆیی لە ئەڵمانیا بكاتەوە كە تێیدا ژمارەیەك لە فۆتۆكانی پێشان دەدات.

رەوەند جواد بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارە لە 14ی ئۆكتۆبەر لە ناوچەی "ڤایكەسهایم" لە ئەڵمانیا، هەشتەمین پێشانگەی تایبەتی فۆتۆییم بكرێتەوە كە تا 18ی مانگی نۆڤێمبەر بەردەوام دەبێت.

لەبارەی ئەو فۆتۆیانەی بڕیارە لەو پێشانگەیە پێشانیان بدات، رەوەند گوتی، زۆرینەی فۆتۆكان لەبارەی ئازارەكانی كورد و بەتایبەتی كوردانی ئێزیدی و پێشمەرگە و شەڕڤانانن.

ئەو فۆتۆگرافەرە ئەوەشی گوت، دوو لە فۆتۆكانم لە پێشبڕكێی میدیڵ لیست ـــMiddle East Institute ئینستتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2018 لە ویلاتە یەگرتووەكانی ئەمەریكا لە واشنتن دی سی، بەشدارییان كرد و فۆتۆیەكیان خەڵاتی سێیەمی بە دەست هێناوە. ئەو فۆتۆیە باسی ئاوارەكانی شنگال دەكات.

دواتریش رەوەند گوتی، بۆ مانگی داهاتوو بانگهێشتی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم كوردستان كراوم لە فڕەنسا بۆ بەشداریكردن لە پێشانگەیەكی تر كە لە پاریس دەكرێتەوە. لەوێشدا چەندان فۆتۆی تایبەت پێشان دەدەم كە پێوەندییان بە دۆخی كورد و كارەساتەكانەوە هەیە.

ڕەوەند جەواد لە ساڵی 1986 لە هەولێر لە دایك بووە و لە 2003وە وەك رۆژنامەنووس كاری كردووە، لە ساڵی 2009 دەستی بە كاری فۆتۆگرافی كردووە، چەند خولێكی فۆتۆگرافی لەسەر ئاستی بەرز بینیوە و لە 2015 رووی لە دەرەوەی وڵات كردووە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە، لەوێ دەستی بەكاری فۆتۆیی كردووە و تا ئێستە حەوت پێشانگەی فۆتۆیی كردووەتەوە. 







وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د