كشتوكاڵی هەڵەبجە كارەكانی جووتیارە نموونییەكە ڕەت دەكاتەوە

:: AM:10:08:11/10/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە كارەكانی جووتیارە نموونییەكەی شاری هەڵەبجە ڕەت دەكاتەوە كە بەرهەمهێنانی ئەو پەینەی باسی لێوە دەكات، هیچ بەهایەكی زانستی نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە هاتووە، لەبارەی ئەو لیژنەیەی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەردانی جووتیار "ئازاد محەمەد"یان كرد، كۆنووسێكیان لەسەر كارەكانی ئامادە كرد كە ئامانجی لیژنەكە بۆ هەڵسەنگاندنی تواناكانی ئەو جووتیارە بوو لە ڕووی زانستییەوە.

لەبەشێكی ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرا كراوە، لەبەر ئەوەی لە ماوەكانی ڕابردوودا ئەو جووتیارە باسی هەندێك داهێنانی كردبوو لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، وەزارەت بە ئەركی خۆی زانی لە نزیكەوە سەیری ئیشەكانی بكەن و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن، پێش ئەوەش داوای لێ كرابوو  هەموو كار و چالاكیەكانی بە لیستێك ئاراستەی وەزارەت بكات و ئەوانیش لەسەر ڕۆشنایی ئەو لیستە سەردانیان كرد.

لە ڕاگەیەنراوە ئاماژە دراوە، ئەگەر ئەو كارانەی ئەو كردوونی دەچنە بواری داهێنان و زانستین، ئەوا پێویستە وەزارەت پشتگیری بكات، هەروەها پەیامی وەزارەتی پێ بگەیەنن كە ئامادەن بۆ هەموو پشتگیرییەك و تواناكانی خۆی لە ڕووی زانستییەوە پێش بخات.

كشتوكاڵی هەڵەبجە ئاشكرای دەكات ئەو جۆرە بەرهەمەی ئەو جووتیارە ئاماژەی پێ دەدات كە بەرهەمی هێناوە بۆ لەناوبردن گژوگیا، هیچ بنەمایەكی زانستی نییە.








وشە - رامیار جەواد