هەواڵێكی خۆش بۆ هاندەرانی ریال مەدرید

:: AM:10:17:11/10/2018 ‌

هەواداران و دەستەی راهێنەرانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەسەركردایەتی جولین لۆپیتیگی هەواڵێكی خۆشیان پێ گەیشت ئەویش گەڕانەوەی فڕانشیسكۆ ئیسكۆی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەكەیان بوو بۆ مەشق و راهێنانەكان.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: ئیسكۆ بۆ یەكەمجار دەستی بە مەشق و راهێنانەكان كردۆتەوە دوای ئەوەی لە رۆژی 25ی مانگی رابردووەوە بەشێوەیەكی لەناكاو نەشتەگەری بۆ گرێیەكی سكی ئەنجامدابوو.

سەرەتا پزیشكەكانی یانەی ریال مەدرید ماوەی مانگێكیان بۆ چاكبوونەوەی ئیسكۆ لە برینەكانی نەشتەرگەرییەكە دانابوو، بەڵام دەستەی راهێنەران تووشی سەرسڕمان بوون كاتێك دوای تەنیا 15 رۆژ ئیسكۆیان لە هۆڵی مەشق و راهێنانەكان بینییەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكە پێشبینی دەكرێ ئیسكۆ لە دوای تەواوبوونی یارییە ناودەوڵەتییەكان بۆ یاریكردن لە ریزی یانەی ریال مەدرید ئامادە بێت و دەست بە یاریكردن بكاتەوە.

جێی باسە دووركەوتنەوەی ئیسكۆ و چەند یاریزانێكی تری یانەی ریال مەدرید بەهۆی پێكانەوە كاریگەری خراپیان لەسەر ئاستی یانەكە بەجێهێشتبوو كە ببووە هۆی ئەوەی چوار یاریی لەسەر یەك نەتوانن سەركەوتن بەدەستبێنن و هەروەها هیچ گۆڵێكیش تۆمار بكەن.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید دوای ئەنجامدانی 8 یاریی لە وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیسپانیا ئێستا بەكۆكردنەوەی 14 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی یانەكان دێت و یانەی سڤیلییەش بە 16 خاڵ لە پێشەنگی یانەكاندایە و یانەكانی بەرشەلۆنە و ئەتلەتیكۆ مەدریدیش 15 خاڵیان هەیە.
 
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م