سەرۆكی لیستی پارتی: حكوومەتی زۆرینە حكوومەتی داهاتوو دەبێت

:: PM:12:20:11/10/2018 ‌
سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوولی ڕابردوو ئاشكرای كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان حكوومەتی زۆرینە پێك دەهێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی تشرینی یەكەم، هێمن هەورامی سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوول ڕای گەیاندووە، حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان حكوومەتی زۆرینە دەبێت.

سەرۆك لیستی پارتی گوتی، دەتوانین بڵێین پارتی دیموكراتی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی لە چاو لایەنەكانی تر زۆرترین سكاڵای یاساییمان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بەتایبەت لە سنووری سلێمانی و راپەڕین و هەڵەبجە و گەرمیان و كۆیە و شوێنەكانی تر هەیە، بەڵام دیسانەوە ئەمە بابەتێكی تەكنیكییە نەك بابەتێكی سیاسی، بۆیە سكاڵاكانی ئێمەش لەرووی تەكنكیكی و یاسایییەوە تۆمار كراوە نەك بەمەبەستی ئەوەی هەموو ئەنجامەكانی ئەو سنوورە رەت بكرێتەوە.

هەورامی ئاشكرای كردووە، پارتی خوازیاری ئەوەیە كە سەرەڕای هەموو كەموكورتییەكان سەركەوتنی پرۆسەكەیە، چونكە هەڵبژاردن سەركەوتنی هەموو قەوارە سیاسییەكانە، سەركەوتنی تەواوی گەلی كوردستانە، هەروەها هەڵبژاردن و كەمپەین تەواو بووە، ئێستە دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ قۆناغی پاش هەڵبژاردن بكەین، ئایا سەقامگیریمان دەوێت یان بگەڕێینەوە بۆ فەوزا، ئایا دەمانەوێ مەشروعییەتی دەسەڵات و فڕاكسیۆنەكان لە پەرلەمان و حكوومەتێكی تازە لەگەڵ لایەنە سیاسییە بەڕێزەكان بەدەستی بهێنینەوە یان دەمانەوێ بەرەو ئایندەیەكی نادیار بچین.

ئاماژەی داوە، كە چوون بەرەو ئایندەیەكی نادیار لە زیانی تەواوی گەلی كوردستاندا دەبێت و هیوادارین قەوارە سیاسییەكان ئەو هەنگاوە نەگرنە بەر.



وشە - رامیار جەواد