ناوچە شاخاوییەكان هەمیشە ناوچەی سەخت و زەحمەتن بو جووتیاران، چونكە هیچ ئامێرێكی زانستی و سەردەمییانە لەو ناوچانە بۆ كشتوكاڵ بەكار ناهێنرێن و خەڵكەكەی ناچارن هەر لە شێوە كۆنەكان سوود وەربگرن و بەرهەم هەڵبگرنەوە.
عەبدوڵا عوسمان جووتیارێكی گوندی دێویكی سەر بە شارەدێی شێلادزێ لە سنووری شارۆكەی ئامێدییە كە دەكەوێتە بناری چیای گارە، بە "وشە"ی راگەیاند، تەمەنی 70 ساڵە و تا ئێسته هەر بە ئامێرە كۆنەكان خەریكی كشتوكاڵە.
بەگوتەی ئەو جووتیارە ئامێری سەردەمییانەی وەك دەڕاسە، مەكینەی هاڕین و سپیكردنی برنج لە ناوچە شاخاوییەكان ناتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن، چونكە ناوچە شاخاوییەكان بەردی گەورە و رێگەوبانی ناخۆشی هەیە و حكوومەت و لایەنی پێوەندیداریش بە پاساوی بوونی زەویی بچووك تا ئێستە هاوكاری جووتیارانیان نەكردووە. ئەو هەروەها دەڵێت، بە نەچاری بە داس و ئامێری سادە و سەرەتایی برنج دەدروونن و دواتر بە حەبل دەخەینە سەر پشت و شان و بۆ شوێنێكی تایبەتی دەگوازنەوە.
عەبدولجەبار عومەر خاوەنی تراكتۆر و یەكێك لە هاووڵاتییانی گوندێكی ناوچەكەیە بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە لە ناوچە شاخاوییەكان دروێنەی برنج دەستی پێ كردووە و ئەو رۆژانە بە تراكتۆرەكەی بەرانبەر پارەیەكی كەم خزمەت بە جووتیاران دەكات.
ئەو گوتی "من رۆژانە دەچمە ناوچە شاخاوییەكان و بە تراكتۆرەكەی خۆم برنج بۆ جووتیاران دەهاڕم و كۆی دەكەمەوە. بەتراكتۆر برنج دەهێنم و دەبەم بۆ ئەوەی برنج لە گوڵەكەی جیا ببێتەوە، هەرچەندە پێویستە ئامێری هاڕینی تایبەتی برنج هەبێت، بەڵام دیارە ئامێرە زانستیەكان ناتوانن رۆڵی خویان بگێڕن"
بەپێی قسەی ئەو هاووڵاتییە، بەرهەمی برنجی ئەمساڵ باشە و بەشی هەرە زۆری هاووڵاتییانی گوند و ناوچە شاخاوییەكان دەكات، بە مەبەستی بژێوی برنج دەچێنن.
لە بناری چیای گارە زیاتر لە 50 گوند هەیە و تا ئێستە رێی هاتوچۆی گونجاوی نییە.
ئامێدی/نەوزاد هلۆری