فیلمێكی كوردی بۆ پێشمەرگە لە سوید نمایش دەكرێت

:: PM:01:41:11/10/2018 ‌
فیلمی كوردی "مینهەڵگرەوە THE DEMINER" لە دەرهێنانی هەریەك لە هۆگر هروری و شینوار كەمال، دوای گەیشتنی بەفێستیڤاڵێكی جیهانی لە سوید، لە یەكێك لە كەناڵە گرنگەكانی ئەو وڵاتە نمایشی تایبەتی بۆ دەكرێـت .

ئەمڕۆ دوای نمایشكردنی فیلمەكەی لە كەناڵێكی بەناوبانگی سویدی، دەرهێنەری ئەو فیلمە شینوار كەمال بە"وشە"ی راگەیاند: فیلمی كوردی THE DEMINER دوای ئەوەی لە 41ەمین فێستیڤاڵی یۆتۆبۆری لە سوید وەرگیرا بۆ نمایشكردن، لە یەكێك لە كەناڵە بەناوبانگەكانی ئەو وڵاتە بەناوی Svt1 ئەمڕۆ نمایشی تایبەتی بۆ كرا . 

عەقید فاخیر پاڵەوانی ئەو فیلمەیە و تێیدا بەیەكێك لە ئازاترین پیاوی دنیا ناسراوە، ئەو فیلمە باس لەو عەقیدە دەكات كە وەك پێشمەرگەیەك گیانی خۆی دەخاتە مەترسی و مین لەدوای مین لە بەرەكانی جەنگ هەڵدەگرێتەوە بۆ ئەوەی هاوڕێكانی لە مردن رزگار بكات . 

لەو فیلمەدا ناوبراو چیرۆكی 14 ساڵەی قارەمانێتی خۆی وەك مینهەڵگرێكی كۆڵنەدەر دەگێڕێتەوە و باسی دەكات، ئەو فیلمە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دۆكیۆمێنتاری ئەمستەردارم نمایش كراوە، لەكۆی 280 فیلم تەنیا 15 فیلم بۆ كێبەركێی ئەو فێستیڤاڵە هاتنە هەڵبژاردن، لەناویاندا ئەو فیلمە سەرجەم ئامادەبووانی سەرسام كرد .

ئەوەشی گوت، ئەو فیلمە لە دەرهێنانی من و هۆگر هرورییە و بەرهەمی سویدە، بڕیارە لە چەند فێستیڤاڵێكی تری جیهانیدا نمایش بكرێت . 

ئەو فیلمە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دۆكیۆمێنتاری ئەمستەردام لە هۆڵەندا بەشداری كردووە و خەڵاتی لیژنەی دادوەریی پێ بەخشراوە. 

وشە/ شاخەوان شێخانی 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د