یاسای تیرۆر حكوومەتی رووحانی و پاسداران ڕووبەڕووی یەكتر دەكاتەوە

:: PM:02:03:11/10/2018 ‌

دوای تێبینییەكانی ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، ئەنجوومەنی هەمواركردنەوەی دەستوور یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پەسند نەكرد و بۆ پەرلەمانی رەوانە كردەوە كە سەرەتای ئەم هەفتەیە پەسندی كرد بە مەبەستی چوونە ناو پەیماننامەی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەمەش ئێرانییەكان لەسەر یاساكە دابەشی سەر دوو بەرە بوونە، بەرەی حكوومەتی روحانی و بەرەی پاسداران.
 
یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر " CFT"، یەكێكە لەو چوارە یاسایەی كە بەشێكە لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی بەناوی رێككەوتنامەی گرووپی چاودێری كۆمەككردنی دارایی "FTF" كە وڵاتانی گرووپی G8 دەریكردووە، زۆرینەی وڵاتانی دنیاش پێوەستبوونی خۆیان بە جێبەجێكردنی دەربڕیوە.

رەتكردنەوەی یاساكە لەلایەن ئەنجوومەنی هەمواركردنەوەی دەستوور، لە كاتێكدایە تەنیا سێ هەفتە ماوە بۆ سەپاندنی گەڕی سێیەمی سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران، هاوكات ئەم مانگەش دوا وادەیە بۆ ئێران كە پابەندی خۆی بە جێبەجێكردنی ئەو چوار یاسایە نیشان بدات تا ببێتە ئەندام لە پەیماننامەكە، هاوكات پێشتریش رووسیا و چین بە حكوومەتەكەی روحانییان راگەیاندبوو كە ناتوانن مامەڵەی بانكی لەگەڵ ئێران بكەن تا ئەو كاتەی نەبێتە ئەندام لە گرووپی نێودەوڵەتی چاودێری كاری دارایی.

ئەگەرچی رۆژی هەشتی ئەم مانگە، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگی 143 ئەندام بەرانبەر بە 120 دەنگی ناڕازی پەسندی كرد، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی دەبێت ئەنجوومەنی هەمواركردنەوەی دەستوور پەسندی بكات، ئەمە لە كاتێكدایە پەسندكردنی خۆی بە زۆرینەیەكی كەم بووە، تەنانەت پەرلەمانتارە ناڕازییەكان هەمان رۆژ ناڕەزایەتییان لەناو پەرلەمان راگەیاند و پێیان وایە ئەوە "خیانەتە" و وا دەكات چیتر ئێران نەتوانێ پاڵپشتی رێكخراوە چەكدارەكان بكات.

پڕۆژەكە یەكێكە لە چوار یاسا كە حكوومەتەكەی حەسەن روحانی پێشكەش بە پەرلەمانی كردووە و دەبێت لەم مانگەدا بكرێن بە یاسا، تا ئێران بتوانێ بچێتە ناو پەیماننامەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێكخراو بەپێی رێككەوتنی پالێرمۆ، وەك مەرجێكی كۆمەڵەی كاری دارایی نێودەوڵەتی كە رێكخراوێكی حكوومی نێودەوڵەتییە و كاری بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارەیە لە دنیا، ئەو رێكخراوەش مانگی تشرینی یەكەمی وەك دوا مۆڵەت داوە بە ئێران بۆ ئەوەی چاكسازی لە یاساكانیدا بكات لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و رێوشوێنی توند بگرێتەبەر.

حكوومەتی حەسەن روحانی پێی وایە چوونە ناو ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتییە، وا دەكات دەستبەرداری باڵە سەرەكییەكانی ببێت لە ناوچەكە كە خۆی لە حزبوڵای لبنانی و میلیشیا چەكدارەكانی عێراق و حزبوڵای سووری و حووسییەكان دەبینێتەوە، بەڵام رەتكردنەوەشی بەهۆی بوونی سزای ئابووری ئەمەریكا بەسەر تاران پاش كشانەوەی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە، ئەوا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی دارایی و ئابووری و بانكی دەكاتەوە، تەنانەت دوو نزیكترین هاوپەیمانی ئێران كە رووسیا و چینن ناتوانن مامەڵەی بانكی و دارایی لەگەڵ ئێران بكەن.

عەباس عەلی كدخدایی گوتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی هەموواری دەستوور دەڵێ، پەرلەمان تێبینییەكانی جێبەجێ كردووە كە ئەنجوومەنی دەستووری لەبارەی هەردوو پەیماننامەی بەرەنگاربوونەوەی كۆمەككردنی تیرۆر و تاوانی رێكخراو، بەڵام ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم هێشتا تێبینی هەیە، بۆیە رەوانەی پەرلەمان كراوەتەوە.

نووری هەمەدانی كە یەكێكە لە مەرجەعە ئاینییەكانی شیعە، دەڵێ بنەماكانی FTF دژ بە تایبەتمەندییەكانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی دەوەستێتەوە، پێویستە ئەنجوومەن هەمواری دەستووری بە وردی بیخوێنێتەوە، چونكە پێچەوانەی شەرع و دەستوور دەوەستێتەوە، بۆیە بەجێبەجێكردنی ئێران رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە بەتایبەت لەوەی چۆن بڕیار لەسەر رێكخراوەكان دەدرێت كە تیرۆریستن یان نا.

رەتكردنەوەی یاساكە لە كاتێكدایە ئێران بەهۆی سەپاندنی سزای ئابووری لەلایەن ئەمەریكاوە، رووبەڕووی تەنگژەیەكی گەورەی دارایی و ئابووری بووەتەوە، دیاردەی وەرگرتنی بەرتیل داودەزگاكانی ئەو وڵاتەی تەنیوە و داواكاری گشتی لە كەرەج گرتنی 13 فەرمانبەری دەوڵەتی راگەیاند بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل.

هاوكات عەباس جەعفەری داواكاری گشتی لە تاران، داخستنی 17 ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی راگەیاند بەهۆی بڵاوكردنەوەی بابەت و نووسین لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری و نرخی تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دراوی بیانی.

لای خۆشیەوە مەحموود واعزی بەڕێوەبەری نووسینگەی حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نووسینی میدیا ئێرانییەكان لە تاران كۆ بووەوە و داوای لێ كردن یارمەتی حكوومەت بدەن لەو كێشانەی رووبەڕووی بووەتەوە و كەمتر لەسەر تەنگژەی ئابووری ئێران بابەت بنووسن، یان زەقی نەكەنەوە.

هەوڵەكانی ئێران بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەی دارایی و ئابووری كە لێكەوتە سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكایە بەسەر ئەو وڵاتە و بووەتە هۆی داتەپینی بەهای تمەن كە ئێرانییەكانی رووبەڕووی تەنگژەیەكی پڕ مەترسیداری كردووە.

عەلی خامنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، داوای لە بەرپرسانی دەوڵەت كرد كە چارەسەرێكی خێرا بدۆزنەوە بۆ سەركەوتن بەسەر تەنگژەی دارایی و ئابووری كە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا، بەرۆكی ئێرانی گرتووە.

خامنەیی كە شەوی رابردوو قسەی بۆ بەرپرسانی حكوومەت كردووە، رای گەیاند كە هیچ تەنگژەیەك نییە چارەسەری نەبێت، لەسەر بەرپرسانە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێك بدەن و "دوژمنانی ئێران بێ هیوا بكەن".
  



وشە - فه‌رمان سادق