سایتێكی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران:
بافڵ تاڵەبانی كارەكتەری سەرەكی بوو لە بەدەستەوەدانی كەركووك

:: PM:03:27:11/10/2018 ‌
سایتێكی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران بە بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك، هەموو ئەو گومانانە دەكاتە راستی كە لەسەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو و بەدەستەوەدانی كەركووك لەئارادا بوون. ئێران بە فەرمی ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە بافڵ تاڵەبانی لە پشتی هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر كەركووك بووە و لە راپۆرتەكەدا بافڵ وەك پاڵەوانێكی سیاسی پێشان دەدات كە دەیەوێ جێی باوكی بگرێتەوە.
 
لە ساڵڕۆژی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و بەدەستەوەدانی كەركووك نزیك دەبینەوە. هەر دوای رووداوەكە هەموو خەڵكی كوردستان زانی چ لایەنێك لە پشتی خیانەتەكەیە و چ كەسانێكیش رۆڵی سەرەكییان لەو رێككەوتنە ژێربەژێرە بینیوە. ئەمە لە لایەن بكەرانی خیانەتەكە هەرزوو حاشای لێ كرا و بیانووی ئەوە هێنرایەوە هیچ چارەیەك جگە لە پاشەكشەی پێشمەرگە نەبوو، بۆیەش هێزی پێشمەرگە كشایەوە. ئەوان گوتیان چەكەكانی پێشمەرگە بەرانبەر بە سوپای عێراق لاواز بوون و ئەگەر شەڕەكەیان كردبا ئەوا شكستیان دەخوارد.

ئەو پاساوە لای خەڵكی كوردستان بە گشتی و لای هەموو ئەو نیشتمانپەروەرانەی باوەڕیان بە ورەی پۆڵایینی پێشمەرگە هەبوو، پاساوێكی لاواز و بەتاڵ بوو، ئاخر پێشمەرگە ئەو هێزە تیرۆریستانەی شكست دا كە سوپای عێراق بەو هەموو چەكە قورس و جبەخانەیەی هەیبوو نەیتوانی بەرانبەری بوەستێت و رای كرد، خێرە ئێستە سوپا شكستخواردووەكە پێشمەرگە شكست دەدات!

بەرلەوەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر روو بدات، هێزی پێشمەرگەی كوردستان و فەرماندەكانیان هەموو ئامادەییەكیان دەربڕی بۆ ئەوەی بەرگری لە خاكی كوردستان بەگشتی و كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بە تایبەتی بكەن، بەڵام رێككەوتنی ژێربەژێری هەندێك كەس هۆكار بوو لەوەی هێزەكانی پێشمەرگە تووشی پەرتەوازەیی ببن و لە گۆڕانكارییەكی چاوەڕواننەكراودا لە ناكاو بەشێك لە فەرماندەكان بە تانك و تۆپ و چەكی قورسەوە بكشێنەوە و گۆڕەپانەكە لە بەردەم هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر كەركووك و ئەو پێشمەرگانە چۆڵ بكەن كە ئاگایان لە خیانەتەكە نەبوو.

لە ئاكامی هێرشی حەشدی شەعبی هێزەكانی تری پێشمەرگەش بە ناچاری كشانەوە و تەنانەت لە چەندان شوێن بەرگری قارەمانانەیان كرد و دەیان پێشمەرگەش شەهید بوون. بەڵام خیانەتەكە زۆر لەوە گەورەتر بوو پێشمەرگە بتوانێ پارێزگاری لە كەركووك بكات.

دوای ساڵێك لەم رووداوە، بۆ یەكەم جار سایتێكی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران بە ناوی "تابناك" پەردە لەسەر هەندێك شت لادەبات و گومانەكان بە تەواوی دەڕەوێنێتەوە.

لە راپۆرتێكدا كە ماڵپەڕەكە بە ناونیشانی "ئایا بافڵ تاڵەبانی جێی جەلال تاڵەبانی پڕ دەكاتەوە؟" بە ئاشكرا ئەوە پشتڕاست كراوەتەوە كە بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی مام جەلال كاراكتەری سەرەكی بووە لە بەدەستەوەدانی كەركووك كە بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ناسراوە.

تابناك نووسیویەتی بافڵ تاڵەبانی بە رێككەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی و حكوومەتی عێراق، رۆڵی سەرەكی هەبوو لە گەڕاندنەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ كەركووك. هاوكات رووداوەكەی ئەوكاتی گرێ داوە بە پرسی دەستنیشانكردنی دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و نووسیویەتی بافڵ تالەبانی لە دوو رووداوی گرنگی سیاسی دەستی باڵای هەبووە.

بەگوێرەی سەرچاوەكە، تەنانەت جۆرێك رێككەوتن لە نێوان بەشێك لە یەكێتی و پارتی بۆ ئەوە هەبووە دكتۆر بەرهەم ساڵح بكشێنرێتەوە و لە جیاتی  ئەو كاندیدەكەی پارتی ببێتە سەرۆك كۆمار، بەڵام ئەوەی هۆكاری سەرەكی بووە لەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح پۆستەكە وەربگرێت، بافڵ تاڵەبانی بووە و پێشتر رێككەوتنی لەگەڵ لایەنەكانی شیعە كردووە و لە ناو حزبەكەی خۆشیدا بۆچوونی خۆی بەسەر بۆچوونەكانی تردا سەپاندووە.

ماڵپەڕی تابناك كارەكانی بافڵ تاڵەبانی بە سەركێشی سیاسی هەژمار دەكات و دەنووسێت، ئەوەی بافڵ كردوویەتی رێچكەی باوكیەتی، بۆیە خەریكە جێی مام جەلال دەگرێتەوە.

راپۆرتەكە هیچ گومانێكی نەهێشتووەتەوە لەسەر ئەوەی كێ لە پشتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە. ئاخر هیچ وڵاتێك و هیچ كەسێك بەقەدەر ئێران ئاگای لە رووداوەكان نییە و قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پێش ئەوەی 16ی ئۆكتۆبەر روو بدات و دوای 16ی ئۆكتۆبەریش لە بەشێك لە كۆبوونەوە نهێنییەكانی بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشدار بوو.

پێویستە بگوترێ داگیركردنی كەركووك بەهۆی خیانەت، یەكێك لە رووداوە هەرە دڵتەزێن و هەژێنەرەكان بوو لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان كە  لە پێناویدا چەندان شۆڕش و راپەڕین كراون، بە سەدان هەزار كەس گیانیان بەخت كردووە و بە سەدان هەزار كەسیش ئاوارە و دەربەدەر و ئەنفال كراون. رووداوێك كە گورزێكی قورسی بە شكۆی كورد گەیاند و خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستانی بریندار و تازیەبار كرد.
 



وشە - چاوان هێرش