دوای ئەو شكستەی بەسەر رێكخراوەكە هات، ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعش فەرمانی لەداردانی 320 سەركردە و چەكداری رێكخراوەكەی بە تۆمەتی ناپاكی دەركردووە.
رێكخراوی داعش دوای شكستە گەورەكانی لە دوو ساڵی رابردوودا، تووشی زیانێكی گەورە هات و خۆری ئاوابوو، بەڵام ناوە ناوە دەیەوێت هەواڵی مانەوەی بڵاو بكاتەوە و وا پێشان بدات كە هۆكاری شكستە گەورەكانی ناپاكی بووە نەوەك رەفتارە درندانە و كوشتن و توندوتیژەكانی.
رۆژنامەی "
دەیلی مێڵ"ی بەریتانی لە راپۆرتەكانی هەواڵگریی عێراق دەگوازێتەوە كە بەغدادی فەرمانی بە كوشتنی ژمارەیەك لە سەران و فەرماندەكانی رێكخراوەكەی لە عێراق و سووریا كردووە، ئەوەیش دوای لەدەستدانی 90%ی ئەو ناوچانەی لە 2014ەوە بەدەستیانەوە بوون لەو دوو وڵاتە.
شكستە دوای یەكەكانی داعش وای كرد بەغدادی فەرمانی لەداردان بۆ 320 لە لایەنگرانی دەربكات بەتۆمەتی ناپاكی و كەمتەرخەمی و بیبَباكیان، ئەو كارەی بووە هۆی زیانی گەورە بۆ رێكخراوەكە لە سووریا و عێراق.
رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ژمارەیەك سەركردەی داعش دەكات كە لە ماوەی رابردوودا كوژراون لەوانە، ئەبو بەرای ئەنساری و سەیفولدین ئەلعێراقی و ئەبو عەسام ئەلتەلەعفەری و ئەبو ئەمەن ئەلموەحید و مەروان حەدید ئەلسووری، روونی كردەوەن دوای فەرمانەكەی بەغدادی ژمارەیەك لە فەرماندە و چەكدارانی رێكخراوەكە بۆ شوێنی نادیار هەڵاتوون.
ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش لە دوای دەركەوتنی رێكخراوەكە و دەست پێكردنی هێرشەكانی لە 2014، تەنیا یەكجار بە ئاشكرا دەركەوتووە، ئەویش لە مزگەوتێكی مووسڵ بوو كە دەوڵەتی خیلافەتەكەی راگەیاند.