هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرا دەكرێت

:: PM:07:50:11/10/2018 ‌

لە هەڵبژاردنی دوایی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانكاری لە ژمارەی كورسییەكانی چەند قەوارەیەكی سیاسی دروست بوو لەوانە یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان كە ژمارەیەكی بەرچاوی كورسییەكانی پێشوویان لەدەست دا، مامۆستایەكی زانكۆ لەو رووەوە هۆكارەكانی ئەوەی بەسەر گۆڕان هات شی دەكاتەوە.

د. ئەحمەد عومەر گلی، سەرۆكی بەشی دیبلۆماسی و پێوەندییە گشتییەكان لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە "وشە"ی راگەیاند، دوو هۆكار هەیە بۆ كەمبوونەوەی دەنگی ئەو هێزانەی كە پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون، بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان.

زیاتر گوتی، هۆكاری یەكەم ئەوەیە خەڵكی ئێمە بە گشتی دەیەوێت گۆڕانكاری بەرچاو ببینێت، بەڵام لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا خەڵكی ئەو شتەی لە بزووتنەوەی گۆڕان نەبینی، بۆیە یان دەنگیان بەلایەنێكی تر دا یان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد.

ئەو مامۆستایە ئەوەی خستە ڕوو، ئێستە كە بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە دەستەوەیە خەڵك جیاوازییەك نابینێت لەگەڵ پارێزگاری پێشوو كە لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بوو.

ئەو مامۆستایەی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی ئاماژەی كرد، بەشێكی تر لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی دەنگەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، كێشە ناوخۆییەكانی ئەو بزووتنەوەیە بوو لەگەڵ گەڕانەوەی هەندێك لە سەركردەكانی بۆ ناو یەكێتی كە ئەمەیش كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی دەنگەكانی گۆڕان هەبوو.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 30ی ئەیلوولی 2018 بەڕێوە چوو و بەپێی ئەنجامە بەراییەكان بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسی بە دەستهێناوە كە لە چاو هەڵبژاردنی 2013دا 12 كورسی لە دەست داوە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی دووپاتی كردەوە، گۆڕان لە سەرەتای هەڵبژاردنەكانەوە تووشی ناڕەزایی هات، پاشان لە بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا نەیتوانی رابردوو تێپەڕێنێ كە خەڵك ماندوون لەو جۆرە بانگەشەیە و خۆشیان هەستیان پێ كرد.

سلێمانی/ هەستیار



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل