پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، تاوانبارێكیان گرتووە هەڵساوە بە دەستدرێژیكردنە سەر كچێك و بە ڤیدیۆ تۆماری دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم 29ـی تشرینی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار تۆمەتبارێكیان گرتووە كە دەستدرێژی سێكسیی كردووەتە سەر كچێك و تۆماری ڤیدیۆیی كردووە.
ئاشكرا كراوە، دوای ئەوەی ڕۆژی 25-10-2018 كچێكی تەمەن 32 ساڵان بەناوی (ن) سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچناری كرد و سكاڵای تۆمار كرد لە دژی تۆمەتبار (ش، أ، ع) كە بەبیانووی خۆشەویستی دەستدرێژی سێكسیی كردووەتە سەری و تۆماری ڤیدیۆیی كردووە، دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی تۆمارەكەی كردبوو.
پۆلیس ئاماژەی داوە، بڕی سێ هەزار و 800 دۆلاری لێ وەرگرتووە و داوای پارەی تریشی لێ كردبوو، هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون، توانرا ئەمشەو تۆمەتبار بگرن .
ئێستە تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 393 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لە لایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار كراوەتەوە .