كۆنتی هۆكاری رەتكردنەوەی راهێنەرایەتی ریال مەدریدی ئاشكرا كرد

:: PM:12:02:13/11/2018 ‌

ئەنتۆنیۆ كۆنتی ئیتاڵی و راهێنەری پێشووی یانەی چێڵسی ئینگلیزی هۆكاری رەتكردنەوەی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرا كرد.

كۆنتی نزیك بوو لە شوێنی جولین لۆپیتیگی ببێتە راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بەڵام لە دوا ساتەكاندا گفتوگۆكانی هەردوولا وەستێنرا، سەرەتا وا بڵاوكرایەوە كە هۆكاری وەستاندنی گفتوگۆكان ئەو داواكارییانە بوو كە راهێنەرەكە لە بەرپرسانی یانەكە داوای دەكرد.

بەڵام كۆنتی بۆچوونێكی تری هەبوو و لە كاتی دابەشكردنی خەڵاتی باشترینەكانی ئیتاڵیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: پێموابوو سواری ئەم شەمەندەفەرە نەبم باشترە و تا كۆتایی وەرز چاوەڕێ بكەم، چونكە تا ئێستا تەنیا 3 مانگ بەسەر دەستپێكردنی وەرزی نوێی خولەكان تێپەڕیوە.

زیاتر گوتی: پێموایە باشترە ئێستا نەگەڕێمەوە كاری راهێنەرایەتی یانەكان، چونكە بە گەڕانەوە لە نیوەی وەرز ناتوانرێ كێشەكان چارەسەر بكرێ و بەڵكو پێویستە هەر لەسەرتاوە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە بچیت.

كۆنتی هەروەها راگەیاند: وێستگەی داهاتووم؟ بەدڵنیاییەوە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەبێت، بەڵام وازم نەهێناوە و چاودێری سەرجەم خولەكانی تۆپی پێی ئەوروپا دەكەم و هەروەها سەیری زۆرێك لە یارییەكانیش دەكەم.

راهێنەرەكەی پێشووی یانەی چێڵسی راشیگەیاند: سەبارەت بە شوێنی راهێنەرایەتی داهاتووم نازانم كوێ دەبێت رەنگە خولی ئیتاڵیا یان هەر خولێكی تر بێت، راستییەكەی تا ئێستا بە دروستی دیاریم نەكردووە.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید دوای ئەوەی گفتوگۆكانی لەگەڵ كۆنتی وەستاند، دوێنێ دووشەم بەفەرمی ناوی سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری كاتی تیپەكەی وەك راهێنەری هەمیشەیی لە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆمار كرد دوای ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژێكدا توانیبووی تیپەكەی بگەڕێنێتەوە سەر سیكەی سەركەوتنەكان و ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م