بەناوی پێشانگەی كتێبی فرانكفۆرت شاند دەچنە ئەڵمانیا بەڵام خەریكی كەیف و سەفان

:: PM:04:39:13/11/2018 ‌
ساڵانە پێشانگەی كتێبی نێودەوڵەتی فرانكفۆرت بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەمساڵیش وەك ساڵەكانی تر كورد تێیدا بەشدار بوو، بەڵام ئامادەكارێكی ستاندی كورد لە پێشانگەكە دەڵێ‌، "ئەمساڵیش ستاندی كوردی لە پێشانگەكە وەك پێویست نەبوو و بە خۆبەخشی بەڕێوە چوو". هاوكات شاندەكانی كورد وەك پێویست پابەندی پێشانگە نابن و خەریكی كەیف و سەفا دەبن.

ئەمساڵ حەفتایەمین پێشانگەی كتێبی نێودەوڵەتی فرانكفۆرت لە 10-14ی ئۆكتۆبەری 2018 بە بەشداری حەوت هەزار و 500 ستاندی پێشاندانی كتێبی دەزگەكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی جیهانی لە 109 وڵات، چوار هەزار سیمینار و وۆركشۆپ و كۆنفرانس و ئینتەرڤیو، ئامادەبوونی 10 هەزار ڕۆژنامەنووس و سەدان نووسەر، هونەرمەند، كەسایەتی، سیاسەتوان و ئەستێرە دیارەكانی دنیا، واژووكردنی هەزاران گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی كتێب، سەردانیكردنی 240 هەزار و 285 میوان لە هەر پێنج ڕۆژی پێشانگەكەدا، پێشانگەی كتێبی فرانكفۆرت سەركەوتووانە بەكۆتا هات.

ئەوەی تێبینی كراوە، كورد بە لاوازی بایەخی بەم چالاكییە جیهانییەی كتێب و كولتوور داوە و بەشێوەیەكی لاواز تێیدا بەشدار دەبێت.

 یوسف ئەحمەد مەنتك كە ئەمساڵ ستاندی كوردی لە پێشانگەكە ئامادە كردووە، باس لە چەند لایەنێكی ستاندی كوردی دەكات و رەخنەكانی لەمبارەیەوە دەخاتەڕوو.

یوسف ئەحمەد مەنتك دەڵێ‌، "دیارە كەسانێكی خۆبەخشیش چەند ساڵێكە ئەم ستاندە بەڕێوە دەبەن. هەریەكە بەپێی توانای خۆی ئامادە دەبێت. بەندە (یوسف مەنتك) ئەمساڵ و ساڵانی پێشتریش ڕۆژێك پێش پێشانگە ستاندەكەم ئامادە دەكرد و كتێبەكانم دادەنا. هەر پێنج ڕۆژی پێشانگەیش ڕۆژانە لە ڕێیەكی دوورەوە بەشداریم دەكرد. دیارە برایانی تر هەریەكە و دۆخێكی تایبەتی خۆیان هەیە، بۆیە نەیانتوانیوە وەك من هەموو ڕۆژەكان و كاتی زوو ئامادە بن".

یوسف دواتر باس لەو چالاكییانە دەكات كە لە بەشی كوردیی پێشانگەی فرانكفۆرت ئەنجام دراون، لەبارەی بەشدارانی دەزگە كوردییەكان لە پێشانگەكە دەڵێ‌، "ئەمساڵ تەنیا وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەناوی ستاندی كوردستان و ئامادەبوونی خالید عەبدولڕەحمان دۆسكی وەزیری ڕۆشنبیری لە هەموو ڕۆژانی پێشانگە و نوێنەرانی وەزارەت سەمیر ڕەسوول و نەوزاد، هەروەها ئەنوەر حوسێن سەرۆكی دەزگەی ئایدیا/ ئامادە بوون، لەگەڵ چەندان نووسەری تر كە خۆبەخشانە ئامادەن و ستاندی كوردی بەڕێوە دەبەن".

یەكێك لەو نووسەرانەی كە لە ستاندەكە ئامادە بووە، شێرزاد حەسەن رۆماننووس بوو، یوسف مەنتك لەبارەی ئامادەبوونی شێرزاد دەڵێ‌، "نووسەری كورد شێرزاد حەسەن لەسەر ئەركی خۆی هاتبوو بۆ سەردانی پێشانگەی كتێبی فرانكفۆرت و كڕینی كتێب. ڕۆژانەیش چەندان جار سەردانی ستاندی كوردستانی دەكرد، بە گفتوگۆ و قسەكانی گوڕوتینێكی پێ دەداین".

بەشێكی گرنگ لە پێشانگەكە بۆ كورد ئەوەبوو ئەمساڵ لە پێشانگەی فرانكفۆرت چوار كتێب لەبارەی كوردەوە بە زمانی ئەڵمانی لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوكردنەوەی (ئونراست) چاپ كراون، لە پێشانگەی كتێبی فرانكفۆرت لە ستاندی كوردستانی پێشان دران.

لەبارەی ئەو كتێبانەی لە ستاندی تایبەت بە كورد دانران، یوسف مەنتك باس لەوە دەكات جگە لە وەزارەتی رۆشنبیری، تەنیا دوو دەزگە بە كتێبەكانیان بەشدار بوون، جیا لەو دەزگایانە ئەو كتێبانەی لە بەشەكە ئامادە كراون، لەسەر ئاستی تاكەكەسی بووە.

وێڕای ئەوەی نووسەرانی كورد خۆبەخشانە هەوڵیان داوە ستاندی كورد لە پێشانگەكە بەڕێوە ببەن، لەگەڵ ئەوەشدا تێبینی ئەوەیان كردووە كە كۆمەڵێك كەموكوڕی لە بەشی كوردی هەبووە. یوسف مەنتك لەمبارەیەوە دەڵێ‌، "بۆ مێژوو ئەمە دەڵێم، ئەمساڵ ستاندی كوردستان وەك پێویست نەبوو، كارەكان زیاتر بە من هاتنە سپاردن، هێندەی توانیبێتم هەم كتێبم كۆ كردووەتەوە و هەمیش نووسەرانم داوەت كردووە كە سیمیناریان لە ناو ستاندی كوردستان بۆ ئەنجام بدرێ".

بەڵام پێنجشەمی رابردوو مەنتك لە ئێوارە كۆڕێكدا لە لقی هەولێری یەكێتی نووسەرانی كورد، رەخنەی لە دەزگاكانی كوردستان گرت بەوەی كتێب ناكەن بە بزنس و گرێبەستی نوێی جیهانی ناكەن، لەو چالاكییە گەورەیەدا. هاوكات بە راشكاوی گوتی "شاندەكانی حكوومەت بۆ فرانكفرۆت یەك دوو رۆژ ئامادە دەبن لە پێشانگەكە و دواتر دەچن بۆ كەیف و سەفای خۆیان".
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل