نازناو چۆن كار دەكاتە سەر دەروونی منداڵ

:: PM:03:19:01/10/2016 ‌


لە خۆشەویستی باوان كە منداڵانیان بەنازتر دەكەن و بێجگە لە ناوی خۆیان نازناویان بۆ دادەنێن و زیاتر بەوەوە بانگیان دەكەن تا رادەیەك زیاتر لە ناوی خۆیان لەناو كەسوكار و دەوروبەریان بڵاو دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونی منداڵ رەنگە بەهای نازناوەكە بچووك بێتەوە تا رادەی بێزاری منداڵەكە خۆی.

ناهید سەعید شارەزای دەروونناسی و پەروەردە لەو بارەوە دەڵێت كە ئاساییە تا تەمەنی 9 ساڵ منداڵ نازناوی هەبێت و بۆی بەكاربێت، بەڵام بۆ دوای ئەو تەمەنە پێویستە شیاندنی بۆ بكرێت و بەناوی راستەقینەی خۆی بانگ بكرێت. 

زیاتر دەڵێت كە زێدەڕۆیی لەو بارەوە و بەكارهێنانی نازناو بۆ منداڵ لە دوای ئەو تەمەنەدا كاریگەری دەروونی هەیە، كە رەنگە لە كچان كەمتر بێت، بەڵام لای گەنجان رەتكردنەوەی لێ بكەوێتەوە.

بەپێی توێژینەوەكان بەكارهێنانی نازناو بۆ گەنجان لە 10 ساڵی بەرەو سەرەوە وا دەكات هەست بەشەرم و شەرمەزاری بكەن، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن كەسانی دەوروبەری بۆ گاڵتە پێ كردنی بەكار بهێندرێ، كە رەنگە ئەوەش بەرەو دابڕان و خۆجیاكردنەوە پاڵی پێوە بنێت و لەلایەكی تر توشی لاوازی كەسایەتی لەبەرامبەر رەگەزەكەی تر بكات و بەو شێوەیەیە كێشەكانی تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت.

منداڵ تا تەمەنی پێنج ساڵ مانای ناو و نازناو و كاردانەوەكان نازانێت، بەڵام دوای ئەوەی دەچێتە قوتابخانە و لەوێ مامۆستا و قوتابیان ناویتری بێجگە لە ناوی خۆی بەكار دێنن، ئەو كات ململانێی نێوان ناوی خۆی و نازناوەكەی سەر هەڵدەدات.

ئەو كات بە ناچاری دەبێت بەرگەی ئازاری دەروونی خۆی بگرێت، بۆیە پێویستە كەسوكاری منداڵ وا بكەن كە منداڵ شانازی بەناوی راستەقینەی خۆی بكات تا لەسەر نازناوەكەی زیاتر لە ناوەكەی رانەیەت.  

بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ئەو رێنماییانەی لەگوێ بگریت:

-دەتوانیت منداڵەكەت بەچەند ناوێك بانگ بكەیت لەوانە ناوی راستەقینەی بۆ ئەوەی لە رووی دەروونییەوە پێوەست نەبێت بەیەكیانەوە.
-هەوڵ بدە كە خۆت لە لكاندنی سیفاتی خراپ بە منداڵەكەت بە دووربگری وەك بێئەقڵ و گەمژە و سەرەڕۆ و تەمبەڵ و سست، چونكە دەروونی وێران دەكات و لە ناوەوە دەشكێت.
-نازناوی ناشیرین بەكار مەهێنە وەك سیسرك و چیلكە دار و گیپە و هیتریش.
-كوڕان زۆر بەناز مەكەن بەتایبەتی ئەگەر تاقانە بێت، چونكە دوای نۆ ساڵی هەست بە شەرمەزاری لەبەرامبەر خەڵك دەكات.
-پێویستە بەر لە دیاریكردنی نازناو بۆ منداڵەكەت لێوردبوونەوەی بۆ بكەیت، چونكە رەنگە تا ماوەیەكی درێژ لەگەڵیدا بێت، هەروەها هەندێك خێزان نازناوی سەیر و نامۆ بۆ منداڵانیان هەڵدەبژێرن.
-پێویستە نازناوی كوڕان و كچان جیابێت.

وشە/سەیدەتی نێت-و: مەحموود


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل